سلێمانی.. ئه‌فسه‌رێك کوژرا و چه‌ند پۆلیسێك بریندار بوون

:: PM:11:13:04/12/2021 ‌

ئەمشەو لەکاتی بەهاناوەچوونی ژنێک، مەفرەزەیەکی پۆلیسی توندوتیژی دژی دژنان لە ناوچەی تانجەڕۆی شاری سلێمانی، شەرە تەقە لەنێوان کەسوکاری ژنەکە و مەفرەزەکەی پۆلیس دروست بووە، لە ئەنجامدا پۆلیسێک بە پلەی نەقیب کوژراوە و سیانیش برینداربوون.
کەسوکاری ژنەکە رووبەڕووی پۆلیس بوونەتەوە
سامان نادر، بەرپرسی سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی بە "وشە"ی راگەیاند، تەرمی کەسێک هێنراوە بەشی فریاکەوتن، پۆلیسێکە بە پلەی نەقیب، مەفرەزەیەک بوون لە کاتی بەهاناوەچوون رۆیشتوونەتە ناوچەی تانجەڕۆ، شەڕە تەقە دروست بووە و لە ئەنجامدا ئەو پۆلیسە کوژراوە کە پلەی نەقیبە.

هەروەها گوتی، لەگەڵ ئەویشدا چوار كه‌سی تر کە پۆلیسن، بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی شۆرش کراون، تا ئێسته‌یش دیار نییە کە تەندروستییان چۆنە.

"وشە"، پێوەندی بە عەمید سەرکەوت عومەر، بەڕێوەبەری توندوتیژی دژ بە ژنان لە سلێمانی کرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەکانی نەدایەوە.

بەپێی زانیارییەکان ئەو مەفرەزەیەی پۆلیس بۆ بەهاناوەچوونی ژنێک رۆیشتوون لە ناوچەی تانجەڕۆی شاری سلێمانی، بەڵام لەلایەن کەسوکاری ژنەکە رووبەڕووی تەقەکردن بوونەتەوە و لە ئەنجامدا ئەو رووداوەی لێ کەوتووەتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل