جیاوازیی بۆچوونەكان لەبارەی حكوومەتی نوێی عێراق چڕتر دەبێتەوە

:: PM:01:35:05/12/2021 ‌
لەكاتێكدا عێراقییەكان چاوەڕێی دوا هەڵوێستی دادگای فیدراڵی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكەن، جیاوازییەكی زۆر كەوتووەتە نێوان هێزە شیعەكان لەبارەی دامەزراندنی حكوومەتی نوێ، سەدر داوای حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەكات و لایەنە دۆڕاوەكانی شیعە باس لە حكوومەتی سازان دەكەن.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی كانوونی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، رەوتی سەدر كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتیی دەكات، سوورە لەسەر ئەوەی دەبێ حكوومەتی نوێی عێراق، حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی بێت، لایەنە دۆڕاوەكانی شیعەیش كە خۆیان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبیننەوە، داوا دەكەن دامەزراندنی حكوومەت بە سازان بێت، بۆیە تا ئێستە نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك.

رەوتەكەیان لەگەڵ حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانییە، بەهیچ شێوەیەك ئامادە نابم بەشداری لە حكوومەتێك بكەن ئەگەر لەسەر بنچینەی سازان بێت


شێخ سادق حەسناوی لە رەوتی سەدر كە رەوتەكە 73 كورسیی بەدەست هێناوە، رای گەیاند كە رەوتەكەیان لەگەڵ حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانییە، بەهیچ شێوەیەك ئامادە نابم بەشداری لە حكوومەتێك بكەن ئەگەر لەسەر بنچینەی سازان بێت، بەڵكو دەیانەوێ حكوومەتەكە لەسەر بنچینەی سیستمێكی سیاسیی نیشتمانی، بۆیە ئەوەیان بە راستەخۆ بە لاینەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتووە.

ئەوەشی گوتووە كە موقتەدا سەدر سوورە لەسەر حكوومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی، هاوكات دەرگاكانی بەڕووی لایەنەكانی تردا كردووەتەوە، ئەگەر نا دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و رۆڵی خۆی لە چاودێریی پەرلەمانی دەبینێ، چونكە پێی وایە پێشتر ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە رۆڵی ئەرێنیی خۆی بەشێوەیەكی باش ببینێت.

دواتریش دووپاتی كردەوە كە رەوتەكەیان نایەوێ عێراق لە ماڵەكانی شیعە و سوننە و كورد پێكبێت، بەڵكو دەیەوێ هەموو پێكەوە ببنە خاوەنی پێناسەیەكی نیشتمانیی عێراقی.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د