ڕێڕەوێكی نوێی ئاو بۆ پاراستنی هەولێر لە لافاو پێشنیار دەكرێ‌

:: PM:02:59:21/12/2021 ‌
پێشەوا بارزان ماستەر لە ئەندازیاریی سەرچاوەكانی ئاو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سەرچاوەكانی ئاو، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"دا باس لەو هۆكارانە دەكات كە بوونە هۆكاری دروستبوونی لافاوەكەی هەولێر، دروستكردنی ڕێڕەوێكی نوێش لە بەرزاییەكانی هەولێر، بە چارەسەر دەزانێت بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو لافاوانە، چونكە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە.

ئەو لافاوانەی هەولێر ئەوەی پێشتر و ئەوەی ئێستە پێوەندیی بە چییەوە هەیە؟
بەهۆی هەڵكەوتەی بەرز و نزمیی شاری هەولێر، خۆی شارەكە لە شوێنێكی دەشتاییە و دەوروبەریشی بەرزاییە، بەتایبەت لە باكور و باكوری ڕۆژهەڵاتی هەولێر، لە وەرزی باران و بارانی زۆر، لە كاتێكی كەمدا ئەو ڕێڕەوە ئاوییانەی هەن، ئاراستەكانیان لەناو شاری هەولێرە، بۆیە دەبێ ئەو ڕێڕەوانە پارێزراوبن، ئێستە سەرپێچیی كراوەتە سەر كە ئاوێكی زۆر بۆ ناو شار دێت، لە كاتێكدا ئەو رێڕەوانە بەرتەسك كراونەتەوە.

هەولێر لە لافاو ڕێڕەوی پاراستنی هەبووە؟
لە كۆتایی حەفتاكان و سەرەتای ساڵی هەشتاكان، ڕێڕەوی پاراستنی ئاوی لە لافاو دروست كرا، ئەو ڕێڕەوە ئێستە كەوتووەتە ناو شار، هەموومان ڕۆژانە دەیبینین ئەو ڕێڕەوەی ئێستە لە تەنیشت شەقامی كۆرنیش هەیە، لە ساڵی هەشتاكانەوە تا ئێستە پشتی پێ‌ دەبەسترێت، لە شەقامی 120 مەتری بۆ خوارەوە لە بوونی لافاو دەپارێزێت، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی هەولێر لە چەند ساڵی ڕابردوودا، وایكرد ئەو رێڕەوە بكەوێتە ناو شار و بەشێك لە گەڕەكەكان كەوتنە دەرەوەی ئەو ڕێڕەوە.

كەوایە هەولێر پێویستی بە رێڕەوێكی نوێی ئاوی هەیە بۆ پاراستنی لە لافاو؟
بەڵێ‌ ئێستە ئەو ڕێڕەوە نوێیە لەسەر نەخشە دیاری كراوە، تەنیا ماوە كاری تێدا بكرێ‌، ئەو ڕێڕەوە دەكەوێتە بەرزاییەكانی تارین، لە سەرووی كەسنەزان دەست پێ‌ دەكات و لە بەرزترین شوێنە تا شەقامی كەركووك، بەلایەكی تریش بۆ شەقامی مووسڵە، بەمەیش دەتوانرێ ئاوی لافاو لە هەولێر دوور بخرێتەوە.

كێشە تەنیا بوونی ڕێڕەوی ئاوییە، یان كێشەی تریش هەن كە ئەو لافاوانە دروست دەبن؟
بەشێك لەو گەڕەكە نوێیانە لەسەر ڕێڕەوە سروشتییەكان یان نزیكی دروست كراون، ئەو گەڕەكە نوێیانەی خانوویان تێدا دروست كراوە، حیسابی هایدرۆلۆجی بۆ نەكراوە كە ئەمە ڕێیەكی زانستییە و ڕێ نادات لە تەنیشت كەند و شوێنە نزمەكان، خانوو و یەكەی نیشتەجێبوون دروست بكرێ‌، یان ئەو شوێنانەی زۆرترین ئاویان تێدا خڕ دەبێتەوە، نابێت كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی تێدا بكرێت، بۆیە ڕەچاوی ئەوەیان نەكردووە، ئێستە دروستكردنی ئەو كەناڵە یان ئەو ڕێڕەوە نوێیە زۆر پێویستە، تا گەڕەكە نوێیەكان پارێزراوبن لە لافاو.

ئەو كەناڵە نوێیە كەی نەخشەی بۆ كراوە؟ ئەگەر كەناڵی تر نەبێت، ئەگەری لافاوی تر هەیە؟
ئەو كەناڵە نوێیە پێشنیار كراوە بكرێ‌ و زۆریش پێویستە نەخشەی بۆ دانراوە، بەهۆی تەنگژەی دارایی نەكرا، سەرەتا بودجەشی بۆ دابین كرا، بەڵام دواتر نەكرا، بۆیە ئەگەری ڕوودانەوەی لافاو هەیە، چونكە ئەو ڕێڕەوە ئاوییانە ئاراستەكانیان بۆ ناو شارە، سەرجەمیان سەرپێچییان كراوەتە سەر و ڕێ دراوە خانوویان لەسەر بكرێ‌، باڵەخانەی زێدەڕۆ و یاساییشی لەسەر كراوە، هۆكارێكی تریش بوونی پاشماوەیەكی زۆری خانوو لەناو كەند و چۆمەكان هەیە، وایكردووە بەربەستێكی زۆر دروست ببێت.

لە سەردانی مەیدانی لەگەڵ لیژنەكەی حكوومەت، چیتان بۆ دەركەوت، ئایا سەرپێچی هەبوو بۆ سەر ڕێڕەوە ئاوییەكان؟
ئێمە لە سەردانەكەمان ئەوەمان بۆ دەركەوت ئەو شوێنانەی لافاو تێیدا ڕووی داوە، ئەو شوێنانەیە كە سەرپێچی كراوەتە سەر ڕێڕەوە ئاوییەكان، ڕاستە بارانێكی زۆر لە كاتێكی كەم باریوە، بەڵام ڕێڕەوە سروشتییەكان، دەستكاریی سروشتەكەی كراوە و بەچەندان شێوە و بەشێوەی نازانستی كراوە، ئەوەیش كاریگەری تەواوی هەبووە.

ڕێچارەی ئێستە و خێرا چییە بۆ ئەوەی لافاوی تر ڕوو نەداتەوە؟
پێویستە بەخێرایی سەرجەم ئەو سەرپێچییانەی كراونەتە سەر ڕێڕەوە سروشتییەكان لاببرێن، بەهەر شێوەیەك بێت زۆر پێویستە ئەوە بكرێت، ئەگەر قەرەبووش بكرێن، گرنگ ئەوەیە ئەو سەرپێچییانە لاببرێن، هەروەها لە داهاتوودا ئەگەر هەر كەسێك خاشاك فڕێ بداتە ناو رێڕەوەكە یا نزیك لێی و هەروەها كەند و چۆمەكان، سزا بدرێ، ئێستەیش ئەو پاشماوانەی خراونەتە ناو كەند و چۆمەكان، بە تەواوی لاببرێن و چاودێریی ئەو شوێنانە بكرێ،‌ ڕێ نەدرێ‌ ئەو ڕێڕەوانە پڕ بكرێنەوە.

بەڵگەی زانستی چییە ئەگەر ئەو كەناڵە سروشتییانە دەستكاری نەكرانایە، ئەو لافاوە ڕووی نەدەدا؟
بەشێوەیەكی زانستی دەتوانرێت بسەلمێنرێ‌، بۆ نموونە لە ساڵی 2006 بارانێك باری و دوو هێندەی بارانەكەی ڕۆژی هەینی بوو، ئەوكاتە 105 ملم باری، بەڵام چونكە ڕێڕەوەكانی ئاو بەو شێوەیە دەستكاری نەكرابوون، لافاو ڕووی نەدا، ئەوەیش دەیسەلمێنێت كە ڕێڕەوە ئاوییەكان پارێزبەندین بۆ هەولێر.

پاشخان..
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 17ـی كانوونی یەكەم، لافاو لە چەند گەڕەكێكی هەولێر دروست بوو، بە گوتەی بەرپرسانی باڵای هەولێر، هۆكاری سەرەكی بریتی بوو لە چەندان سەرپێچیی جۆراوجۆر، لە ئەنجامی ئەو لافاوە 12 هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا، زیانی 21 ملیار دینار بە هاووڵاتییان گەیشت، 153 شوێنی بازرگانی زیانیان پێگەیشت، 402 خانوو تووشی ڕووخانی دیوار و زیانی مادی بوون، كەلوپەلی ناو دوو هەزار و 509 خانوو لەناو چوون و 867 ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشت.





وشە - رامیار جەواد