ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان، له دیمانه‌یه‌كی "وشه"دا باس له دروستكردنی به‌نداوی تازه و ئه‌و به‌نداوانه‌ی ته‌واو نه‌كرابوون ده‌كات و ده‌ڵێ، حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان بۆ ته‌واوكردنی به‌نداوه‌كانی، بودجه‌ی ته‌رخان كردووه.
ئێسته له هه‌رێمی كوردستان چه‌ند به‌نداو له ژێر دروستكردندان؟
له ھه‌رێمی كوردستان چه‌ند به‌نداوێك له ژێر دروستكردندان له هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی و گه‌رمیان، بۆیه به به‌رده‌وامی كاریان تێدا ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی ھه‌ولێر به‌ناوی چه‌مرگه و گۆمه‌سپان و ئه‌وه‌ی دھۆك ناوی خنسه، له سلێمانیش دێوانه و یه‌كێكیش له ده‌ربه‌ندیخان و له گه‌رمیانه به‌ناوی تووره‌جان.
چه‌ند پاره بۆ ته‌واوكردنی به‌نداوه‌كان ته‌رخان كراوه بۆ ئه‌مساڵ؟
چه‌ند به‌نداوێك ده‌ستیان پێ كردووه‌ته‌وه كه راگیرابوون به‌ھۆی ته‌نگژه‌ی دارایی، حكوومه‌ت سه‌ره‌تا 13 ملیار دیناری ته‌رخان كرد، گۆمه‌سپان 10 ملیاری به ته‌نیا بۆ ته‌رخان كرا كه به‌نداوێكی گه‌وره‌یه و 80 ملیۆن مه‌تر چوارگۆشه ئاو ده‌گرێت، ئێسته 20%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه، شه‌ش ملیار دیناری تریش بۆ دوو به‌نداوی تر ته‌رخان كراوه، ئه‌وانیش چه‌ق چه‌ق و زه‌لان، به‌ڵام ئه‌و دووه تازه وا ده‌ست پێ ده‌كرێنه‌وه و جیان له‌وانی تر، هه‌روه‌ها حه‌وت به‌نداو ماون ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه، ئه‌وانیش له ھه‌ولێر و سلێمانی و دھۆكن.
كۆی به‌نداوه‌كان كه له ھه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كرێن، ژماره‌یان چه‌نده؟
17 به‌نداو ده‌بن كه دروست ده‌كرێن.
له ھه‌رێمی كوردستاندا چه‌ند به‌نداوی ته‌واوكراومان ھه‌ن و ئاویان تێدا ھه‌ڵده‌گیرێت؟
سێ به‌نداو، دووكان و ده‌ربه‌ندیخان و دھۆك گه‌وره‌ن، 14 به‌نداوی مامناوه‌ند و بچو‌وكیش ته‌واو كراون و ئاویان تێدا كۆ ده‌كرێته‌وه.
ئه‌و بارانه‌ی ئێسته ھاتووه، كاریگه‌ریی ھه‌یه له‌سه‌ر به‌نداوه‌كان كه ئاستی ئاویان زیاد بكات؟
ئه‌و بارانه‌ی باریوه باشه و كاریگه‌ریی ده‌بێت بۆ زیادكردنی ئاوی به‌نداوه‌كان، به‌ڵام ئاستی ئاوی به‌نداوه‌كان زۆر دابه‌زیوه و پێویستیان به بارانی زیاتر ھه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش باشه كه چیتر ئاومان كه‌م ناكات و له‌و ئاسته ده‌وه‌ستێت.
پێویستیتان به‌چه‌ند ملم باران ھه‌یه تا پێویستیی ناوخۆ دابین بكات؟
به به‌رده‌وامی ساڵانه له ھه‌ولێر پێویستمان به 400 ملم باران هه‌یه، له دهۆك و سلێمانی له 600 ملم كه‌متر نه‌بێت، ئه‌وه به‌گشتی بۆ ئه‌وه‌ی پێویستمان به ئاو نه‌بێت و به‌نداوه‌كان پڕ ئاو بن.
ئێران و توركیا ئاویان له‌سه‌ر هه‌رێم نه‌گرتووه‌ته‌وه؟
ئه‌مساڵ زیاتر ئاویان گرتووه‌ته‌وه، له دووكان و ده‌ربه‌ندیخان و مووسڵ چه‌ندان جار ویستیان حكوومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ ئێران گفتوگۆ بكه‌ن، به‌ڵام رێ‌یان نه‌دا، توركیا باشتره و گفتوگۆ ده‌كه‌ن و باشترن له ئێران، چونكه ئه‌وان به‌شێكی ئاو به‌رده‌ده‌نه‌وه.
دیمانه‌ی/ بڵند ئیبراھیم