سنە بە پایتەختی کتێبی ئێران هەڵبژێردرا

:: PM:04:27:27/12/2021 ‌
شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان نازناوی حەوتەمین پایتەختی کتێبی ئێرانی پێ بەخشرا و چاوەڕاون دەکرێ دوای ئەو نازناوە شارەکە لە رووی رۆشنبیریی و کلتوری خوێندنەوەی کتێب زیاتر گەشە بکات.

سەید ئەنوەر رەشیدی سەرۆکی شارەوانی سنە رای گەیاند، نزیکەی حەوت ساڵە لە سنە کار بۆ دەستەبەرکردنی ئەو نازناوە دەکرێت، بۆ ئەوەی شارێک ئەو نازناوە وەرگرێت ئەوا دەبێت پەرە بە کلتووری خوێندنەوەی کتێب و ژێرخانی پەرتووکخانەکان و چاپی کتێب بدرێت.

رێورەسمی ناساندنی سنە بە پایتەختی کتێب لە تاران بەڕێوەچوو  و شارەوانی سنە بە هاوکاری فەرمانگەی گشتی رۆشنبیری و رێنوێنی ئیسلامی و دامەزراوەی کتێبخانەی گشتیی پارێزگای سنە، پڕۆژەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەو شارە وەک پایتەختی کتێب خستە ڕوو. لە رێورەسمەکە وەزیری رۆشنبیری ئامادە بوو و سنەی بە حەوتەمین پایتەختی کتێبی ئێران ناساند.

سەرۆکی شارەوانی سنە پیرۆزبایی لە نووسەران و رۆشنبیران و ناوەندە چاپەمەنییەکان کردووە

بەگوێرەی ئیرنا، سەرۆکی شارەوانی سنە پیرۆزبایی لە نووسەران و رۆشنبیران  و ناوەندە چاپەمەنییەکان کردووە و هیوای خواستووە، دوای ئەو نازناوە هەنگاوی باش بۆ پەرەپێدانی کلتووری کتێب خوێندنەوە ببنرێت.

لە ئێران هەر یەک لە ئەهواز، نیشابوور، بووشەهر، کاشان، یەزد و شیراز پێشتر نازناوی پایتەختی کتێبیان پێ دراوە.

ژمارەی دانیشتووانی شاری سنە 500  هەزار کەسە و بە یەکێک لە شارە رۆشنبیرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەژمار دەکرێت و جێپەنجەی لە هونەر و ئەدەبیات و سینەما و زۆربەی بوارەکاندا دیارە.


وشە - سلێمان تاشان