پسوولەی خۆراك رێك دەخرێتەوە.. بەشەخۆراكی پێنج توێژ دەبڕدرێت

:: PM:05:14:30/12/2021 ‌

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم رای دەگەیەنێت، بە مەبەستی رێكخستنەوەی كارەكانی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان، وەزارەتی بازرگانی بڕیاری داوە بەشەخۆراكی چەند توێژێك رابگرێت، ئەمەیش بۆ ئەوەی بەشەخۆراكەكە باشتر بگاتە ئەو هاووڵاتییانەی پێویستیانە و بەكاری دێنن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی كانوونی یەكەم، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارەكەی وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ راگرتنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان چەند توێژێك دەگرێتەوە، بەمەیش كار بۆ رێكخستنەوەی بەشەخۆراك دەكرێت بۆ ئەوەی ئەو خۆراكە باشتر بگاتە دەستی هاووڵاتییانەوە.
لە هەرێمی كوردستان دەست بە پرۆسەكە نەكراوە
روونی كردەوە، پزیشك و بازرگانانی ئەندامی ژووری بازرگانی و سەرمایەداران و خاوەن كۆمپانیا و بەڵێندەران، هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی مووچەكانیان لە یەك ملیۆن و 500 هەزار دینار زیاترە، بەشەخۆراكیان رادەگیرێت و پسوولەكانیان هەڵدەسەپێردرێت و خۆراكیان بۆ رەوانەی لای بریكارەكان ناكرێت، بەڵام وەك پسوولەی خۆراك هەر دەمێنێت، بۆ ئەوەی بۆ هەر كارێكی وەك سەرژمێری گرفتیان بۆ دروست نەبێت.

شێخ كامیل ئاماژەی كرد، ژمارەیەك بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەت لە عێراق دەستیان بەو كارە كردووە، بەڵام گشتی نییە، بۆ فەرمانبەران، لە رێگەی وەزارەتی دارایی ناوی هەموو ئەو فەرمانبەرانە دەدرێتە وەزارەتی بازرگانی كە مووچەكەیان دەگاتە ئەو بڕە، وەزارەتی بازرگانیش خۆراكەكەیان دەبڕێت و نایداتە بریكارەكان، بەڵام لە هەرێمی كوردستان دەستمان بەو پرۆسە نەكردووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل