بۆچی هەندێك لە كارمەندانی تەندروستی تووشی كۆرۆنا نابن؟

:: PM:07:22:02/01/2022 ‌

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو كۆرۆنا دەستی لە كەس نەپاراست و زۆرینەی خەڵك هەستیان پێ كردبێت یان نا، تووشی ڤایرۆسەكە بوون، ئەوەی تێبینی دەكرێت كەسانێك هەبوون و ئێستەیش لە ریزی پێشوەی جەنگەكەن و لە نەخۆشخانە و نۆرینەگە گشتی و تایبەتەكان چارەسەری نیشانەكانی تووشبووان دەكەن، تووشی نەبوونە، بۆچی؟

زانایان تاوتوێی ئەو حاڵەتەیان كردووە، واتە بەشێك لە كارمەندانی تەندروستی بە بەردەوام بەركەوتنیان لەگەڵ ڤایرۆسەكە و تووشبووان هەیە، بەڵام تووشی نابنەوە، ئاژانسی "فرانس پرێس"، لە راپۆرتێكدا دەڵێت، زانایان پێیان وایە بەڵگەكان زیاتر بەردەست دەبن كە كەسانێك هەن بەرگری سروشتیان بەرانبەر بە ڤایرۆسەكە و تیرەكانی هەیە. 
زانایان بیریان بۆ هۆكاری جینی دەچێت
زانایان دەیانەوێ سوود لەو حاڵەتە وەربگرن بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینێك بتوانێت بەتەواوەتی رووبەڕووی ڤایرۆسەكە و تیرەكانی ببێتەوە، راپۆرتەكە روونی كردەوە كە زانایان خەریكی پشكنینی نموونەی خوێنی سەتان كارمەندی تەندروستین لەوانەی تووشی ڤایرۆسەكە نەبوونەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە زانایان بەدوای ئەگەری بوونی جیاوازی و هۆكاری بۆماوەیی و جینی دەگەڕێن لای ئەوان كە وای كردبێت لە بەرانبەر ڤایرۆسەكەدا پارێزراو بن، بۆیە لە كۆلێجی لەندەن، چەندان تاقیكردنەوە كراوە، لیزا ستۆكوێڵ، پەرستارێكی تەمەن 34 ساڵە و لە 2020ەوە لەناو تووشبووانی كۆرۆنا كاری كردووە، هاوڕێكانی تووشی ڤایرۆسەكە بوون، بەڵام ئەو تووشی نەبووە.

ئەو پەرستارە دەڵێت، بەر لە وەرگرتنی ڤاكسینیش پشكنینی دژەتەنەكانی نێگەتیڤ بووە. لەوكاتەی پێشبینی كردووە ئەنجامەكەی پۆزەتیڤ بێت، ئەو تا ئێستە نازانێت سیستمێكی بەهێزی بەرگری هەیە یان شتێكی ترە وای كردووە تووشی ڤایرۆسەكە نەبێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل