له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به زمانی كوردی چه‌ند به‌ناو شاره‌زایه‌كی كه‌ڵه‌شاخ ئه‌وه‌یان بڵاو كردووه‌ته‌وه، گوایه ده‌توانن به سه‌ركه‌وتوویی ڤاكسینی تایبه‌ت به ڤایرۆسی كۆرۆنا له جه‌سته‌ی هاووڵاتییان ده‌ربهێنن. پزیشكێكی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناو، زانیاری له‌وباره‌یه‌وه ده‌دات و هۆشداری به‌و جۆره كارانه‌یش ده‌دات كه له‌لایه‌ن چه‌ندان كه‌سی بێ ئه‌زموونه‌وه كه‌ڵه‌شاخ ده‌كرێت.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م سێی كانوونی یه‌كه‌م، دكتۆر كه‌ریم عوسمان پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناو، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، هاووڵاتییان ده‌بێ هۆشیار بن و له‌خۆیانه‌وه و به‌بێ ڕێنوێنیی پزیشك، هیچ ده‌رمان و كردارێك ئه‌نجام نه‌ده‌ن و به‌كار نه‌هێنن، چونكه زیانی بۆ ته‌ندروستییان ده‌بێت، ئه‌وه‌ی گوایه دوای لێدانی ده‌رزییه‌كه له له‌شیان، ده‌توانرێ ڤاكسینی كۆرۆنا ده‌ربهێنرێت، ئه‌مه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕاست نییه.
ڕوونی كرده‌وه، كه‌ڵه‌شاخ بریتییه له ده‌رهێنانی خوێن له جه‌سته به‌ئامێرێكی گونجاو، به‌ڵام ناتوانێ ڤاكسینی تایبه‌ت به ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ربهێنێت، له‌كاتێكدا دوای لێدانی ئه‌و ڤاكسینه، له ناو خوێندا خانه‌كانی mRNA تێكده‌شكێنێت و تێكه‌ڵیان ده‌بێت به توخمێكی نوێ.
ئاماژه‌ی دا، "نه‌ك ڤاكسین، بگره هه‌موو ده‌رمانێك كه ده‌چێته جه‌سته‌وه، له ڕێی خانه سووڕه‌كانی خوێنه‌وه به خێرایی و به چه‌ند خوله‌كێك، ده‌گاته هه‌موو به‌شه‌كانی توێكاری جه‌سته‌وه، بۆیه هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ لابردن و ده‌ركردنی له جه‌سته‌دا نییه."
له كۆنه‌وه شاره‌زایانی بواری كه‌ڵه‌شاخ ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، خوێنی پیس له جه‌سته‌ی مرۆڤ له چه‌ند شوێنێكی دیاریكراودا كۆ ده‌بێته‌وه، ئه‌ویش بریتییه له به‌شی سه‌ره‌وه‌ی پشت و به ده‌رهێنانی ئه‌و خوێنه، مولووله‌كانی خوێن ده‌كرێنه‌وه و سووڕی خوێن چالاكتر ده‌بێت. كه‌ڵه‌شاخ دوو جۆری هه‌یه، یه‌كه‌میان كه‌ڵه‌شاخی وشك و دووه‌میان كه‌ڵه‌شاخی ته‌ڕ.
پێشتر چه‌ندان جار به ڕاگه‌یه‌نراوی فه‌رمیی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دووپاتی ده‌كرده‌وه كه كه‌ڵه‌شاخ كارێكی مۆڵه‌تپێدراو نییه و ئه‌نجامدانی له هه‌رێمی كوردستاندا قه‌ده‌غه‌یه، به‌ڵام له نۆرینگه‌ی تایبه‌ت و نۆرینگه‌ی یاریده‌ده‌ری پزیشكی له لاكۆڵانه‌كان، به ئاشكرا ئه‌و كاره ده‌كرێت، هه‌ندێك كاتیش له ناو مزگه‌وته‌كان به‌شێوه‌ی كۆمه‌ڵ ده‌كرێت.