تووشبووێكی لەهۆشخۆچووی كۆرۆنا بە ڤیاگرا چاك دەبێتەوە

:: PM:09:16:03/01/2022 ‌

تا ئێستەیش وریایی لەبارەی كۆرۆنا و زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی لە دنیا دەدرێت، بەتایبەتی تیرەی ئۆمیكرۆن كە لە زیاتر لە 100 وڵاتی دنیا بڵاو بووەتەوە، جیا لە ڤاكسینی خۆپارێزی، زانایان بەدوای چارەسەری پەتاكەدا دەگەڕێن، پەرستارێكی توشبووی سەختی كۆرۆنا دوای لەهۆشخۆچوونی بۆ چەند هەفتەیەك بە وەرگرتنی ژەمێك ڤیاگرا چاك دەبێتەوە.

وەك رۆژنامەی "دەیلی میڵ"ی بەریتانی باسی كردووە، مۆنیكا ئەلمیدا، ئەو پەرستارە تەمەن 37 ساڵە بەریتانییە، 28 رۆژ بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهۆشخۆی چوو، ئەوەیش دوای وەرگرتنی دوو ژەم ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا، لە 31ی ئۆكتۆبەری رابردوو تووشی پەتاكە بوو و لە 9ی نۆڤێمبەر داخیلی نەخۆشخانە كرا، دوای هەفتەیەك لەوە بۆ ژووری چاودێری چڕ گوازرایەوە و خرایە ژێر حاڵەتی لەهۆشخۆچوونی پزیشكی، كە پزیشكان تا دۆزینەوەی چارەسەری پەنای بۆ دەبەن.
دایك و باوكی بۆ ماڵئاوایی سەردانیان كردووە، بەڵام ڤیاگرا ئەوی رزگار كرد
بەپێی قسەی ئەو پەرستارە، بەر لە سێ رۆژ لە بڕیاری پزیشكان بە لابردنی ئامێری هەناسەدانی دەستكرد، حاڵەتی بەرەو باشی چووە، بۆیە لە 14ی كانوونی یەكەمی رابردوو بەهۆشخۆی هاتووەتەوە، دوای ئەوە پزیشكان پێیان گوتووە كە ژەمێك ڤیاگرایان پێی داوە، لە چوارچێوەی چارەسەرێكی تاقیكردنەوەیی پێش لەهۆشخۆچوونی رازی بووە لەسەر بەكارهێنانی. 

ڤیاگرا، كە زیاتر بۆ لاوازی سێكسی پیاوان بەكار دێت، یارمەتی گەیشتنی باشتری خوێن بۆ بەشەكانی لەش دەدات، ئەوەیش وای كردووە نەخۆشەكە لە ماوەی هەفتەیەكدا چاك ببێتەوە، لەو نیشانانەی پەرستارەكە وەك تووشبوون بە كرۆنا هەیبووە، لەدەستدانی هەردوو هەستی چەشتن و بۆنكردن و كۆكەی خوێناوی و كەمبوونەوەی رێژەی ئۆكسجین. دۆخی ئەوەندە خراپ بووە كە دایك و باوكی لە پورتوگالەوە بۆ ماڵئاوایی سەردانیان كردووە، بەڵام ڤیاگرا ئەوی رزگار كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل