راپەڕینی ئاداری 1991 لە دیدی رۆژنامەوانی میسری بڵاو كرایەوە

:: PM:05:36:05/01/2022 ‌

لە سەرەتای ئەمساڵدا كتێبێكی نوێی د. مەحموود زاید، نووسەر و ئەكادیمی میسری و دۆستی كورد بەناونیشانی "راپەڕینی ئادار بە چاوی رۆژنامەوانی میسری"، لە خانەی نفرتینی بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە بڵاو كرایەوە، بڕیاریشە كتێبەكە لە پێشانگەی نێودەوڵەتی قاهیرە بۆ كتێب لە كۆتاییەكانی ئەم مانگە و لە پێشانگەكانی تری نێودەوڵەتی كتێب پێشان بدرێت.  

وەك نووسەر لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، كتێبەكە باسی چۆنیەتی سەیركردنی رۆژنامەكانی میسر بۆ راپەڕینی ئاداری ساڵی 1991ی كوردستانی عێراق دەكات، وەك یەكێك لە گرنگترین وێستگەكانی خەباتی گەلی كورد لەدژی رژێمی سەدام حوسێندا.
كتێبەكە قەبارەی گرنگیدانی میسر بە دۆزی كورد روون دەكاتەوە
كتێبەكە ئەو باوەڕە مێژووییەی كورد بەوەی كورد جگە لە چیاكان دۆستی تریان نییە، هەڵدەوەشێنێتەوە، وەك نووسەر دەڵێت، ئەو كتێبە تەواوكەری هەندێك لە كتێبەكانی پێشوومە كە قەبارەی گرنگیدانی میسر بە دۆزی كورد لە سەردەمی سەرۆك جەمال عەبدولناسرەوە تا ئێستە روون دەكەنەوە، لەوانەیش ئەو پاساوانەی رۆژنامەكانی میسر لەبارەی هۆكاری راپەڕینەكە باسیان كردووە.

جیا لەوەی پەرەسەندنی رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وای كردووە میسر لە رووی جوگرافی و سیاسی و مرۆییەوە زیاتر لە راپەڕینەكەوە نزیك بێت، لەپاڵ هەڵوێستی بەردەوامی میسر لە چاودێریكردنی رەوتی بزاوی رزگاریخوازی كورد لە سایەی پێوەندییە مێژووییەكانی لەگەڵ كورددا، هەروەها لە سایەی دیدی میسر بۆ خواستی نەتەوەیی ئەوان و پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی خاكی كوردستان دابەش دەكەن، لەناو ئەو جموجۆڵ و خواستە نێودەوڵەتیانەی هەن.

نووسەر لەو كتێبەدا هەوڵی داوە ئەو پرسیارانە وەڵام بداتەوە، رۆژنامەوانی میسری چۆن باسی راپەڕینەكەیان كردووە؟، چۆنیان لێكداوەتەوە و بۆچی؟، كاریگەری ئەوەیش بۆ سەر راپەڕینەكە و رژێمی سەدام حوسێن و رژێمەكانی ناوچەكە و رۆژئاوا چۆن بووە؟.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل