كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڕۆژ به ڕۆژ له زیادبووندان و چه‌ندان كێشه‌ى جۆراوجۆر له نێوان هاوسه‌ران هه‌یه، له پاڵ ئه‌و كێشانه، چه‌ند حاڵه‌تێك له نێوان هاوسه‌ران ڕووبده‌ن كه له‌گه‌ڵ عوورف و كولتوورى ناوچه‌كه و كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى یه‌ك نه‌گرنه‌وه، به‌تایبه‌تى هه‌ندێك بابه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى له نێوان هاوسه‌ران كه چه‌ند خێزانێك له‌گه‌ڵ یه‌كترى ده‌یكه‌ن.
پرسى گۆڕینه‌وه‌ى هاوسه‌ران به‌مه‌به‌ستى سێكس باس ده‌كرێت، به‌پێى گوته‌ى سه‌رۆكى یه‌كێتى پیاوانى كوردستان، هه‌رچه‌نده ئه‌وان وه‌ك سكاڵا، تا ئێسته سكاڵاى گۆڕینه‌وه‌ى هاوسه‌رانیان بۆ نه‌هاتووه، به‌ڵام ده‌ڵێت، له دادگاكان له سه‌ر زارى پارێزهرهكانهوه ئه‌وه‌یان بیستووه كه ساڵى ڕابردوو چه‌ند حاڵه‌تێكى گۆڕینه‌وه‌ى هاوسه‌ران بووه.
بورهان عه‌لى سه‌رۆكى یه‌كێتى پیاوانى كوردستان به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، هیچ سكاڵایه‌كى گۆڕینه‌وه‌ى هاوسه‌رانمان بۆ نه‌هاتووه، كه باس له‌وه بكات له نێوان هاوسه‌ران پرسى گۆڕینه‌وه هه‌یه بۆ هه‌ندێك مه‌به‌ست، ئه‌وه بابه‌تێكه ساڵى ڕابردوو وه‌ك بیستن ئه‌وه‌مان بیست كه شتى له‌و شێوه‌یه كراوه.
ئه‌وه‌شى گوت، "له ده‌مى پارێزهرهكانهوه له دادگا ئه‌وه‌م بیستووه باسیان له بوونى چه‌ند حاڵه‌تێكى گۆڕینه‌وه‌ى هاوسه‌ران كردووه له نێوان خۆیاندا له ناوچه‌ى سیته‌ك له شارى سلێمانى، وه‌ك بینین و سكاڵا، حاڵه‌تى له‌و شێوه‌یه نه‌بووه، هه‌روه‌ها له بنه‌كانى پۆلیس و ئاسایش ئه‌وه‌مان بیستووه كه هه‌بووه، ئه‌و گۆڕینه‌وانه ڕه‌نگه ئه‌و گه‌نجانه بن به‌مه‌به‌ست هاوسه‌رگیریان له‌گه‌ڵ ژنى عه‌ره‌ب كردبێت و به‌شێوه‌ى لابه‌لا، چونكه ئه‌وان گرێبه‌ستێكى ده‌ره‌وه‌یان هه‌یه شێخ و مه‌لاكانیان ده‌یكه‌ین و له ناو خۆیاندا ئه‌و كاره‌یان كردبێت."
ڕه‌نگه قورس بێت بوترێت گۆڕینه‌وه‌ى هاوسه‌ران له نێوان خێزانه‌كان هه‌یه و به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ئه‌و خێزانانه كورد زمان بن، چونكه به كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى نامۆیه كه زۆربه‌ى موسڵمانه، به‌ڵام ئه‌و چه‌ند حاڵه‌ته‌ى كه باس ده‌كرێت، كه‌سانێكى عه‌ره‌ب بوون كه ژنهكانیشان عه‌ره‌ب بووه، ئه‌و كاره‌یان كردووه، له ناوچه‌یه‌كى سنوورى شارى سلێمانى، پۆلیسى سلێمانیش ده‌ڵێت، سكاڵاى له‌و شێوه له بنكه‌كانى پۆلیس نه‌بووه.
لاى خۆیه‌وه نه‌زیره جاف، پارێزه‌رى ڕاوێژكار به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، "پرسى گۆڕینه‌وه‌ى هاوسه‌ران له نێوان خۆیاندا به‌مه‌به‌ستى كارى تر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه یه‌ك ناگرێته‌وه، له ماوه‌ى كاركردنم وه‌ك پارێزه‌ر و سه‌ردانیكردنم بۆ دادگا هیچ سكاڵایه‌كم نه‌بووه و بابه‌تێكى له‌و شێوه‌یه‌م نه‌بیستووه باس له گۆڕینه‌وه‌ى هاوسه‌ران بكات له نێوان خۆیاندا، كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى به‌دووره له‌وه."
ئاماژه‌ى دا، ڕه‌نگه منیش له ده‌ره‌وه‌ى دادگا له ده‌مى كه‌سانێكه‌وه ئه‌وه‌م بیستبێت، به‌ڵام له چوارچێوه‌ى كارى پارێزه‌رى نه‌مبووه، ئه‌و جۆره كارانه كه ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر ژنێك سكاڵا بكات له دادگاكان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته، ئه‌گه‌ر به ویستى خۆى پێى كردبێتى ئه‌وه هیچ ده‌قێكى یاسایی نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به زۆركرابێت پێى له‌لایه‌ن پیاوه‌كه‌یه‌وه، ئه‌وه وه‌ك خیانه‌تێك له‌سه‌ر هه‌ژمار ده‌كرێت و سزاى له‌سه‌ر هه‌یه."
ڕوونى كرده‌وه، "به‌پێی ماده‌ی 40 له یاسای باری كه‌سیه‌تی ژماره 188 ساڵێی 1959، تایبه‌ت به مافی هاوسه‌ریه‌تی، ئه‌و ژنه مافی هه‌یه داوای جیابوونه‌وه بكات، ئه‌گه‌ر به زۆر پێی كرابێت و له‌و حاڵه‌ته‌دا یاسا ده‌توانێ جیایان بكاته‌وه، هه‌روه‌ها به‌پێی ماده‌ی سێ له ئسولی مهحاكهماتی جه‌زائی، ده‌بێ ژنه‌ك به‌ده‌می خۆی له به‌رده‌م دادگا و له ماوه‌ی كه‌متر سێ مانگ باس له‌وه بكات، ئه‌و كات جیا ده‌كرێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژنه‌كه خۆی ڕازی بێت هیچ سزایه‌ك نییه بۆ پیاوه‌كه له‌و حاڵه‌ته‌دا.
نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، هیچ سكاڵایه‌ك له بنكه‌كانى پۆلیس و هیچ بابه‌تێكى له‌و شێوه‌یه نه‌بووه له باره‌ى گۆڕینه‌وه‌ى هاوسه‌رى و پرسى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌و شێوه‌یه له نێوان خێزانه‌كان، چه‌ندان ساڵه له پۆلیس كار ده‌كه‌م شتى له‌و جۆره نه‌بووه.
سیته‌ك، گوندێكی سنووری سلێمانییه و ژماره‌یه‌كی زۆر له هاووڵاتییان لێی ده‌ژین و سه‌رقاڵی كاری ئاسایی خۆیانن، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دوایدا ژماره‌یه‌ك زۆر باخ و ڤێلایی لێ دروست كرا و به‌شێكی زۆر له‌و باخانه بۆ كاری نه‌شیاو به‌كار ده‌هێنرێن، پێده‌چێ ئه‌و بابه‌ته‌یش كه ئێسته ئاشكرا بووه هه‌ر لهوباخانهدا بووبێ، نه‌ك له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردی گونده‌كه‌وه.
سلێمانى/ هۆشیار عه‌لى