تیرەی دەلتاكرۆنی كۆرۆنا سەری هەڵدا

:: PM:08:40:08/01/2022 ‌

بەهۆی بەربڵاویی تووشبوون بە حاڵەتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و زیادبوونی بازدان و تیرەكانی، سەرەڕای بوونی ڤاكسین و چارەسەری هەندێك لە نیشانەكانی توشبوون، لە قوبرس تیرەیەكی نوێی ڤایرۆسەكە دەركەوت، كە تێكەڵە لە هەردوو تیرەی پێشووی دەلتا و ئۆمیكرۆن، بۆیە ناوی نراوە "دەلتاكرۆن".

میشالیس هادجیبانتیلاس، وەزیری تەندروستی قوبرسی ئەمڕۆ شەموو دۆزینەوەی ئەو تیرە نوێیەوی ڤایرۆسی كۆرۆنای راگەیاند، لای خۆیەوە د. لیۆنتیۆس كۆستیریكیس، بەڕێوەبەری تاقیگەی تەكنۆلۆجیای ژیان و ڤایرۆسزانی لە زانكۆی قوبرس گوتی، تیرەیەكی نوێی كۆرۆنا لە قوبرس دیاری كراوە بەناوی "دەلتاكرۆن"، لە رووی پێكهاتەی جینییەوە تێكەڵە لە نێوان تیرەی دەلتا و بازدانەكانی تیرەی ئۆمیكرۆنیش لەخۆ دەگرێت.
تیرە نوێیەكە لە پشكنینی 25 كەس دۆزراوەتەوە، كە 11یان داخیلی نەخۆشخانە كراون
روونی كردەوە، ئەو تیرە نوێیە لە پشكنینی 25 كەس دۆزراوەتەوە كە 11یان داخیلی نەخۆشخانە كراون، بەڵام هێشتا زووە باسی ئەوە بكرێت ئاخۆ لە رووی مەترسیدارییەوە لە دوو تیرەكەی تر بەهێزترە یان نا، لای خۆیەوە وەزیری تەندروستی قوبرس دووپاتی كردەوە كە هەفتەی داهاتوو زانیاری زیاتر دەخەنە روو.

ئەو پزیشكە قوبرسییە روونی كردەوە، ژمارەیەكی زۆری بازدانمان لەو تیرە نوێیە دۆزیەوە كە تەنیا لە تیرەی ئۆمیكرۆنەوە هەبوو، واتە لە كۆی ئەو 30 بازدانەی لە ئۆمیكرۆنەوە دیاری كراوە، 10یان لە دەلتاكرۆن دۆزراوەتەوە.

شایەنی باسە تا ئێستەیش دنیا سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەی هەردوو تیرەی دەلتا و ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی كۆرۆنان كە ساڵی رابردوو لە هیندستان و باشووری ئەفریقیا سەریان هەڵدا و ئێستە بە خێراییەكی گەورە لە سەرانسەری دنیا بڵاو بوونەتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل