27 كرێكار لە سلێمانی بوونەتە قوربانی

:: PM:01:44:09/01/2022 ‌
سەندیكای كرێكارانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ساڵی ڕابردوو لە سلێمانی، 27 كرێكار لە كاتی كاركردندا بوونەتە قوربانی، هەروەها زۆرینەی كرێكارانی سلێمانی گرێبەستی كاریان نییە.

ئەمڕۆ یەكشەم نۆی كانوونی دووەم، چالاك ڕ‌ەئووف سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕ‌ۆژنامەوانیدا ڕ‌ای گەیاند، لە ساڵی ڕ‌ابردوودا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لەكاتی كاركردندا 17 كرێكار گیانیان لە دەست داوە، هەروەها 10 كرێكاریش بریندار بوونە.

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان ئەوەشی گوت، لە سنووری سلێمانی كۆی ئەو پڕ‌ۆژانەی كە لیژنەی سەلامەتیی پیشەیی بۆ كرێكاران سەردانیان كردووە، بریتی بووە لە هەزار و 100 پڕ‌ۆژە كە زیاتر لە هەشت هەزار و 325 كرێكار كاریان تێدا كردوون.

باسی لەوەش كرد،  ئیستە 63%ـی كرێكارانی سنووری پارێزگای سلێمانی، گرێبەستی كاریان نییە و بەشێكی زۆری ئەوانەشی كە گرێبەستیان هەیە یاسایی نین، بۆیە پێویستی بە چاودێریی زیاتری پڕۆژەكان هەیە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی سلێمانی، 42%ـی كرێكاران دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ نەكراوە، 45%ـی  خاوەن كارەكان مۆڵەتی كاركردنیان نەبووە، كاتێك لیژنەكان سەردانیان كردوون، یان مۆڵەتەكانیان بەسەر چووە، هەروەها 20%ـی كرێكارانیش ژنن.

بە گوتەی چالاك، لە بەدواداچوون بۆ پڕۆژەكان بەردەوامن و ساڵی رابردوو هەلی كاریان بۆ 500 كرێكار ڕ‌ەخساندووە، هەروەها 120 كرێكار لەڕ‌ێی سەندیكاوە كێشەكانیان بۆ چارەسەر كراوە، 300 ئاگاداركردنەوە دراوەتە خاوەنكار.



وشە - رامیار جەواد