كارگەكانی بازیان بوونەتە هۆكاری مەرگێكی هێواش بۆ خەڵك

:: PM:09:30:09/01/2022 ‌

بازیان، ناوچەیەكی پیشەسازییە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، كە 15 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری سلێمانییەوە دوورە، ناوچەیەكی پیشەسازی جۆراوجۆرە و بەشی هەرە زۆری كارگەكانی سنوورەكە لە بازیان كۆبوونەتەوە، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستانیش زۆرترین كارگەی گەورەی تیادایە، بەڵام هاوكات بووەتە بەڵا بۆ دانیشتووانی سنوورەكە و رۆژانە دوكەڵی ژەهراوی دەكەنە هەواوە، بەوهۆیەیشەوە زیانی گەورەی تەندروستی هەیە.

ساڵانێكە كارگەكانی چیمەنتۆ و تواندنەوە و ئاسن و كارگە گەورەكانی تر لە بازیان كار دەكەن، هەرچەندە بەپێی یاسا و رێنوێنییە تەندروستییەكان پێویستە پابەند بن بە دانانی فلتەر، تا دوكەڵی كارگەكان تێكەڵی هەوای ناوچەكە نەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە رووی مایەكییەوە دانانی فلتەر پارەیەكی زۆری تێ دەچێت، ئامادە نین پێوەی پابەند بن، تەندروستی ناوچەكەیش وریایی دەدات.

هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، كارگەكانی بازیان كێشەی گەورەن بۆ سنوورەكە و ژینگەكەی، خاوەن كارگەكان دەڵێن ئەو دوكەڵانە مەترسییان نییە كە دەیكەنە هەواوە، بەڵام تا ئێستە نەمان بیستوە دوكەڵی رەش و خۆڵەمێشی بێ زیان بێت، بەپێچەوانەوە سەرجەمیان بۆ هاووڵاتییان مەترسیدارن و هۆكاری نەخۆشین، بەتایبەتی نەخۆشی شێرپەنجە.
تەندروستی خەڵكی ناوچەكەیان لا گرنگ نییە و دوكەڵ بە قوڕگ و هەناسەی خەڵك دەكەن
باسی لەوەیش كرد، كارگەكان ئەگەر فلتەر بەكار بێنن زۆر باشە و دوكەڵەكە ناكەنە هەواوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی فلتەر گرانە و زۆریان لەسەر دەكەوێت ئامادە نین بەكاری بێنن، ئەوان ژیان و تەندروستی خەڵكی ناوچەكەیان لا گرنگ نییە و دوكەڵەكە بە قوڕگ و هەناسەی خەڵك دەكەن، دەبێت پزیشك و لایەنە پێوەندیدارەكان دیاری بكەن كە هۆكاری چ نەخۆشییەكە، بەڵام ئەوەی بەرچاوە نەخۆشی شێرپەنجە یەكێكە لە نەخۆشییەكان.

لای خۆیەوە ئیسماعیل ئەمین، بەڕێوەبەری تەندروستی بازیان بە "وشە"ی راگەیاند، لە رووی تەندروستییەوە كەسێك لە ژوورێكدا جگەرە بكێشێت، ژینگەی ژورەكە بۆ تەندروستی كەسانی تر پیس دەبێت كە لە ژوورەكەن، بە دڵنیاییەوە ئەو كارگانەی لە سنووری بازیان هەن ژینگەی سنوورەكەیان پیس كردووە، هەرچەندە داتایەك لەبەردەست نییە لەسەر كاریگەرییەكانی، بەڵام دەتوانین ئەوە بڵێین كە كاریگەریی خراپی بۆ سەر تەندروستی خەڵكەكە هەیە.

روونی كردەوە، كارگەكان دوكەڵە رەشەكە دەكەنە هەواوە و خەڵكی سنوورەكە هەڵی دەمژن، ئەو هاووڵاتییانەی سەردانی تەندروستی دەكەن كێشەی هەناسە و سییەكان و تەنگەنەفەسییان هەیە، بۆیە پێویستە پابەندی مەرج و رێنوێنییەكان بن و چیتر نەبنە مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییانی سنوورەكە.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە بازیان و تاسڵوجە و پیرەمەگرون و تانجەڕۆ كارگەیەكی زۆری پیشەسازی و بیناسازی و بلۆك و پلاستیك و ئاسن و چیمەنتۆ هەیە، ئەوانە مەترسی گەورەیان لەسەر هاووڵاتییانی سنوورەكە دروست كردووە و بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەتا سەرێكی نەخۆشخانەكانی هیوا و نانەكەلی تایبەت بە شێرپەنجە نەدەین، نازانین چ كارەساتێك بەسەر هاووڵاتییان هاتووە بەهۆی ئەو كارگانەی كە هەن.

هەر لەو بارەوە سوبحان حوسێن، گوتەبێژی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بە چەندان لیژنەی جۆراوجۆر و ئەندامی ژینگە لە لیژنەكانی قایمقامیەت و ئەنجوومەن و قایمقامیەت بەردەوام لە بەدواداچوونداین بۆ ئەو كارگەی سنووری سلێمانی و بازیان بەتایبەتی، بەڵام بەداخەوە بەشێكی زۆریان پابەندی رێنوێنییە ژینگەییەكان نابن بە دانانی فلتەر بۆ ئەوەی دوكەڵ نەكەن بە هەوادا و ژینگە پیس بكەن، لەگەڵ فڕێدانی پاشماوەكانیان بە شێوەی زانستی.

هەروەها گوتی، لە رابردوو ئەو كارگە گەورە و زەبەلاحانە، بەتایبەت لە بواری چیمەنتۆ و ئاسن توانەوە، سزا دراون و ئاگەداركردنەوەیان بۆ كراوە و بە ملیۆنان دینار غەرامە كراون و بەشێوەی كاتی داخراون، بەڵام هەر پابەند نابن، كارگە هەیە بە یەكجار 10 ملیۆن دینار غەرامە كراوە، بەڵام لە جێبەجێنەكردنی رێنوێنییەكان بەردەوامە.

پێشتریش لایەنە پێوەندیدار و پەرلەمانتارەكان ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە بەهۆی ئەو كارگانەی بازیانەوە رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە سنوورەكە زیادی كردووە، ئەوەیش بە مەترسییەكی رژد بۆ سەر تەندروستی هاووڵاتییان دادەنرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل