نازدار جزیری هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆشی كورد، بڕیاره به‌مزووانه نوێترین به‌رهه‌می هونه‌ری تایبه‌ت به‌خۆی به‌شێوه‌ی كلیپ، له كه‌ناڵی یوتیوبه‌كه‌ی بڵاو بكاته‌وه، هاوكات ناوی به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئاشكرای كردووه.
گۆرانیبێژ نازدار جزیری له پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، تیزه‌ری نوێترین به‌رهه‌می به‌ناوی "خۆشم ده‌وێی" بڵاو كرده‌وه و ئاماژه‌ی داوه، به‌مزووانه ته‌واوی كلپیه‌كه‌ی بڵاو ده‌كاته‌وه.
چیرۆكی كلیپه‌كه نازدار بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی ئاماده كردووه، وه‌ڵامی ئه‌و بڵاوكراوانه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌داته‌وه كه ماوه‌یه‌كه تایبه‌ت بۆ نازداری ده‌نووسێت، ئه‌ویش ده‌یه‌وێ له به‌رهه‌مێكی هونه‌ری پێی بڵێت "خۆشم ده‌وێی".
نازدار له‌سه‌ر به‌رهه‌مه تازه‌كه‌ی هیچی ئاشكرا نه‌كردووه، ئه‌وه له‌كاتێكدایه دوا به‌رهه‌می ئه‌و هونه‌رمه‌نده ساڵی ڕابردوو بوو به‌ناوی "ھه‌ویێ" كه له یوتیوب زیاتر 190 هه‌زار بینه‌ری هه‌بوو.
نازدار جزیری ساڵی 1987 له شاری جزیری بۆتان له باكوری كوردستان له دایك بووه، ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵ بووه كه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی كوردستانی به‌جێهێشتووه و چووه‌ته ئه‌ڵمانیا، له بواری هونه‌ریدا ناوێكی پرشنگداری ژنانه و خاوه‌نی چه‌ندان گۆرانی و ڤیدیۆ كلیپه، ساڵی 2012 هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژی دهۆكی "ڕایبین" كردووه و كچێكی هه‌یه به ناوی "كانی".