هەڵبژاردنی دوێنێ‌ ڕزگاركردنی عێراق بوو لە هەژموونی دەرەكی

:: PM:02:28:10/01/2022 ‌
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی دوێنێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەنگاوێك بوو بۆ ڕزگاركردنی عێراق لە هەژموونی دەرەكی، ئەگەر عێراق لە داهاتوو پشت ببەستێت بە ڕێچارەكانی دەستوور، پێگە و هێزی بۆ دەگەڕێتەوە.

شەوی ڕابردوو هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە چوو، بەپێی ڕێككەوتنی پێشینەی سیاسی، حەلبووسی وەك نوێنەری سوننە لە عێراق بە پشتیوانی موقتەدا سەرد و سەرۆك بارزانی، دووبارە پۆستەكەی وەرگرتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا زۆرینەی سوننەكان پێشتر ڕێككەوتن كە حەلبووسی دووبارە پۆستەكە وەربگرێتەوە. 

فەرهەنگ ساڵح چاودێری سیاسی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، عێراق بەدەست هەژموونی وڵاتانی دراوسێی دەناڵێنێت، هەموومان ڕۆژانە ئەو كاریگەرییانە دەبینین، بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت، دەبێت پێشێلی ڕاسپاردە نهێنییەكانی وڵاتانی دراوسێی بكات.

بەگوتەی ئەو چاودێرە سیاسییە، عێراق دەمێكە لە ژێر دەستی هەژموونی چەند وڵاتێكدایە، بۆیە حكوومەتەكانی كاتێك دێنە هەڵبژاردن، ناتوانن بڕیاری پێویست بدەن، هەروەها ئەوەی شەوی ڕابردوو ڕووی دا، كەمبوونەوە و لاوازبوونی كاریگەریی هەژموونی ئێران بوو.

شەوی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق، دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی هەڵبژارد، دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان، محەمەد حەلبووسی بۆ سەرۆكی پەرلەمان بە 200 دەنگ پۆستەكەی وەرگرتەوە، حاكم زاملی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بە 182 دەنگ پۆستەكەی وەرگرت، كوردیش كاندیدەكەی شاخەوان عەبدوڵا بوو بە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بە 180 دەنگ، ئەوەیش بە بۆچوونی میدیاكان و شیكەرەوە سیاسییەكان، بە دڵی ئێران نەبوو.

ناسر هەركی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق هەنگاوێكی نوێ بوو لە دەربازكردنی دامەزراوەی دەستووری عێراق لە هەژموونی دەرەكی.

زیاتر گوتی، ئەم هەنگاوەی عێراق ئەگەر بە ئاراستەی هاوبەشی ڕاستەقینە لە عێراقدا هەنگاو بنێت، زۆر لە كێشە دەستوورییەكان لەو وڵاتە چارەسەر دەبن، بەتایبەت كێشە هەمیشییەكانی ساڵانی ڕابردوو كە بە سیاسی كراون، دەستوور كەمترین ڕۆڵی هەبووە لە چارەسەری كێشەكان.

باسی لەوەش كرد، پێویستە ئەوەشمان لە بەرچاو بێت هەنگاوەكانی داهاتوو، سەر نەكێشێ بۆ دەسەڵاتی تاكڕەوی لە عێراقدا و سوود لە هەڵەكانی پێشتر وەربگیرێت، چونكە ئیتر ئەم وڵاتە بەرگەی شڵەژانی سیاسیی زیاتر ناگرێت، دەبێ عێراق بگەڕێتەوە سەر ڕێچكە دەستوورییەكەی خۆی كە فیدراڵی و دیموكراسییە.

لە دەنگدانی شەوی ڕابردوو بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، چەند گرژییەك دروست بوو، بەڵام پرۆسەكە نەوەستا و بەردەوام بوو تا ئاستێكی زۆر سەدر توانی باڵادەستی خۆی بەهاوكاری سوننە و كورد، بەسەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بسەپێنێت و بەرانبەر ئەو گرووپەی بە دەستەمۆی ئێران هەژمار كراون.



وشە - رامیار جەواد