ستیل گێرده‌ر و بێرینگ پاده‌كانی پردی رانیه، له ئێرانه‌وه گه‌یشتنه شوێنی پڕۆژه‌كه و به‌مه‌ش ده‌ست به قۆناغێكی گرنگی پڕۆژه‌كه ده‌كرێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 11ی كانوونی دووه‌م، به‌ختیار ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی رانیه، به ''وشه''ی راگه‌یاند، پڕۆژه‌ی پردی ده‌ربه‌ندی رانیه له ماوه‌ی رابردوودا ئاسنه گه‌وره‌كانی وه‌ك ستیل گێرده‌ر و بێرینگ پاده‌كانی، له ئێران بۆ به چاككردن درابوو و دوای ته‌واوكردنیان بۆ شوێنی پڕۆژه‌كه هێنراون، بۆیه ده‌ست به قۆناغێكی تری پڕۆژه‌كه ده‌كرێت.
وه‌ك زیاتر خستیه ڕوو، بۆ پرده‌كه 60 ستیل گێرده‌ر پێویسته و 33 ستیل گێرده‌ر گه‌یشتوون، 27 دانه‌یان ماوه و ئه‌وانیش به‌مزووانه ده‌گه‌ن، به‌ڵام بێرینگ پاده‌كان ژماره‌یان 50 دانه‌یه و سه‌رجه‌میان گه‌یشتوونه‌ته سه‌ر پڕۆژه‌كه.
هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ ئه‌وه‌یه پێش واده‌ی دیاریكراوی خۆی، پڕۆژه‌كه ته‌واو بكرێت
به‌گوته‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره، به گه‌یشتنی ئه‌و ئاسنانه، ده‌ست ده‌كرێ به دانانیان و پڕۆژه‌كه ده‌چێته قۆناغی نوێی كاركردن، هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ ئه‌وه‌یه پێش واده‌ی دیاریكراوی خۆی، پڕۆژه‌كه ته‌واو بكرێت و به‌ڕووی هاتوچۆدا بكرێته‌وه.
له كۆتایی ساڵی 2020دا سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی پردی ده‌ربه‌ندی رانیه‌ی دانا و بودجه‌ی پڕۆژه‌كه‌ش سه‌رووی 11 ملیار دیناره.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رێگه‌وباندا هه‌نگاوی گرنگی ناوه، ساڵ به ساڵ پڕۆژه‌ی ستراتیجیی زیاتر له‌و بواره‌دا جێبه‌جێ ده‌كرێن.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی