چارەسەری كێشەی دووچەنەگەیی چییە؟

:: PM:05:44:11/01/2022 ‌

كەسانێك هەن لەبەر هۆكاری جیاواز دوو چەنەگەیان هەیە، واتە كەلەكەبوونی چەورییەكی زۆر لە ناوچەی ژێر چەناگە و گەردن تا مل، ئەگەرچی چارەسەرێكی سیحراوی بۆ ئەو كێشە نییە، بەڵام شارەزایان باسی چەند رێنوێنییەك دەكەن یارمەتی سووككردنی كێشەكە دەدات.

كەسانێك لەبەر چەند هۆكارێكەوە بەدەست ئەو كێشەوە دەناڵێنن، لەوانە زیادبوونی چەوری لە لەشیان یان چوونە ناو تەمەن، وەك ماڵپەڕی "ویب توب"، ئاماژەی بۆ كردووە، ئەو كێشەیە رووبەڕووی پیاو و ژن لە هەموو تەمەنەكان دەبێتەوە، هەندێك لە حاڵەتەكانیش پێوەندیان بە بۆماوەوە هەیە. 
گرنگترین چارەسەر بەهێزكردنی ماسولكەكانی مل و كەمكردنەوەی چەوری ناوچەكەیە
بۆ رزگاربوون لەو كێشەیە، چەند راهێنانێك هەیە و پێویستە بۆ بەهێزكردنی ماسولكەكانی مل و توندكردنەوەی پێستەكەی ئەنجام بدرێت، بەوەی ئاستی دەركەوتنی كێشەكە كەم دەكاتەوە، لەو راهێنانەیش:

لێواری پەنجەت بخەرە سەر ئێسكی چەڵەمە و چەناگەت بەرەو سەرەوە بەرز بكەوە و بە پەنجەكانت گوشار بكە تا ماسولكەكانی مل دەكشێن، لە راهێنانەكە پێنج چركە بە هێشتنەوەی چەناگە لە سەرەوە بەردەوام دەبێت، بەر لە هێنانەخوارەوەی، ئەو حاڵەتەیش پێنج جار دووبارە دەكرێتەوە.

راهێنانی مشتی دەست، مشتی دەستت بخەرە ژێر چەناگەتەوە و وا بكە دەمت بە هێواشی بكەیتەوە و دایبخەیت، هاوكات بەو دەستەی لەسەر چەناگەتە بەرگری كرانەوەی دەمت بكە، بەوەی ماسولكەكانی مل دەجووڵێن، ئەو راهێنانەیش پێنج جار دووبارە بكەرەوە.
گرنگترین چارەسەر بەهێزكردنی ماسولكەكانی مل و كەمكردنەوەی چەوری ناوچەكەیە 
راهێنانی دەم، دەمت بە هێز بكەوە و زمانت بێنە دەرەوە تا هەست بەوە دەكەیت كە ماسولكەكانی شەویلاك كار دەكەن، پێنج جار ئەوەیش دووبارە بكەرەوە.

راهێنانی دەموچاو، دەموچاوت بۆ سەرەوە بەرز بكەرەوە و بۆ ماوەی چەند چركەیەك سەیری بنمیچی ژوورەكە بكە، تا ئەو كاتە بەردەوام بە كە هەست بەوە بكەیت كە ملت درێژ بووەتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل