شاخەوان عەبدوڵا: دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستووری بوو

:: PM:06:20:11/01/2022 ‌

9ی ئەم مانگە یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە چوو و تیایدا دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان دوور لە خواستی شیعەی نزیك لە ئێران بەڕێوە چوو، ئەوەیش وای كرد رەخنە لە دانیشتنەكە بگرن و بە نایاسایی وەسفی بكەن، بەتایبەتی دوای گۆڕینی سەرۆكی تەمەنی دانیشتنەكە، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان لەو بارەوە روونكردنەوەی دا.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دانیشتنەكە بەپێی مادەی 54ی دەستووری عێراق بەڕێوە چووە و چەند هەنگاوێكی لەخۆ گرت، لەوانە خواردنی سوێندی یاسایی لەلایەن ئەندامانی نوێوە.
پێویستە هەمووان رێز لە دەستوور بگرن و بە رێوشوێنە یاساییەكان رازی بن
زیاتر گوتی، كۆمسیۆن ناوی سێ بەتەمەنترین ئەندامی وەك سەرۆكی دانیشتنكە دیاری كردبوو، بەڵام مەحموود مەشهەدانی یەكەمیان، بەهۆی لاگیری و بوونی وەك كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان، شایستەی ئەوە نەبوو دانیشتنەكە بەڕێوە ببات، بۆیە بەڕێوەبردنی دانیشتنەكە درایە خالد دەراجی.

عەبدوڵا ئاماژەی كرد، سەرۆكایەتی پەرلەمان بە رێوشوێنی یاسایی و بە ئامادەبوونی فەرمانگەی یاسایی و راوێژكارانی یاسایی بەڕێوە چوو و هەموو رێوشوێنەكانی سازكردنی دانیشتنەكە و دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی یاسایی بوو، جیا لەوە رێز لە بۆچوون و هەڵوێستی ئەوانیتریش دەگرین، بەڵام پێویستە هەمووان رێز لە دەستوور بگرن و بە رێوشوێنە یاساییەكان رازی بن. 

شایەنی باسە دوای خواردنی سوێندی یاسایی، پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە هۆڵی دانیشتنەكە چوونە دەرەوە و رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان بە نادەستووری و بەتاڵ دانا، رایان گەیاند كە تانە لە دەستووری دانیشتنەكە و سەپاندنی خواست و تاكڕەوەی تیادا دەدەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل