دانیشتنی یەكشەم نەخشەی سیاسی عێراقی گۆڕی.. چۆن؟

:: PM:07:26:11/01/2022 ‌

تا ئێستە ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە دۆخی سیاسی عێراق بەرەو گۆڕانكارییە، ئەگەرچی بە سەیركردنی رابردوو، هیچ هیوایەك بۆ گەشبینی نییە، چونكە بە بەردەوام رووداوە گەورەكانی عێراق لە دەرەوە یەكلا كراونەتەوە، بەتایبەتی بابەتی دیاریكردنی سێ سەرۆكایەتییەكەی، دوای ئەوەی لە یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بینرا، هیوایەكی بە خۆپارێزییەوە بەدی هات ،بەوەی رێككەوتنی نوێی سیاسی سێ لایەنی خاوەن سەنگ، دەكرێ بۆ قۆناغی داهاتوو عێراق بەرەو گۆڕانكاریی سیاسی باشتر ببەن.

چاودێران پێیان وایە بەوەی لە ئەنجامی هەڵبژاردن و لە دانیشتنی 9ی مانگی پەرلەمان رووی دا، هەنگاوێكی رژدە بە ئاراستەیەكی دروست، لە رێگەی دەركەوتنی سێ هێزی گەورە، بەتایبەتی لە رێككەوتنی موقتەدا سەدر و سەرۆك بارزانی و محەمەد حەلبووسی، بۆ تەوافوق لەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمان، پێشبینییەكان زیاتر بوون بەوەی پۆستەكانی سەركۆمار و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە هەمان شێوە بەڕێوە دەچێت و تێپەڕ دەبن، ئەوانەیشی پۆستەكان وەردەگرن كەسانێكی نزیكن لەوان. 
موقتەدا سەدر توانی یەكەم گەڕی یارییەكە لە بەرژەوەندی خۆی تەواو بكات
بۆیە ئەگەر ئەوان بتوانن سەركۆمار بە پێی دیدی خۆیان دیاری بكەن و حكوومەتی نوێ پێك بێنن، ئەوە دەبێتە گورزێكی گەورە بۆ هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە ئەندامانیان لە یەكەم دانیشتن رەتیان كردەوە دەنگ بە حەلبووسی بدەن و لە دانیشتنەكە كشانەوە.

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو، سەدرییەكان 73 كورسیان بەدەست هێنا، ئەوەیش وای كرد ببنە پێشەنگی ناو ماڵی شیعە و كۆنترۆلی بڕیارەكانی پێكهاتەكە بكەن، تەنانەت تەواوی هێزە شیعەكانیتر فەرامۆش بكەن، بەتایبەتی لەوانەی نزیك لە تاران، كە تا ئێستە نەیناتوانیوە یەكگرتوو بن یان قەناعەت بە كورد و سوننە بكەن بە رێككەوتن لەگەڵیاندا.  

بۆیە رێككەوتنی سەدر و پارتی و حەلبووسی، بووە بازدانێك لە كاری سیاسی و پێشوەچوون لە ئەدای ئەو هێزانە، كە یەكەم جارە لەوەتەی 2003ەوە ئەوە بێتە دی، كە هەموو هاوپەیمانی و رێككەوتنەكان لەو ساتەوە تایفەیی و پێكهاتەیی بووە بۆ پێكهێنانی حكوومەتەكانی عێراقی، بۆیە هەمووان روویان لە بەشداریكردن لە دەسەڵات و دابەشكردنی پۆستەكان بووە، بێ بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز كارە خوارەكانی حكوومەت راست بكاتەوە و بە دوای شكستەكانییەوە بێت. 

چاودێران پێیان وایە ئەو گردبوونەوە سیاسییە نوێیە، هەلێك بۆ دروستبوونی بڕیارێكی نوێی سیاسی لە عێراق بۆ قۆناغی داهاتوو دەرەخسێنێت، بۆیە بە مانەوەی بە یەكگرتوویی، دەتوانێت دوو سەرۆكایەتییەكی تریش دیاری بكات، تەنانەت هەموو پۆستە ویزاری و باڵاكان لە دەوڵەت یەكلا بكاتەوە.

عەقیل عەباس، شارەزا لە كاروباری عێراق دەڵێت، لە دانیشتنی یەكشەمی رابردوو عێراق چەند دەستكەوتێكی بەدەست هێنا، دیارترینیان، براوە ئەو قەوارە بوو كە زیاترین كورسی لە هەڵبژاردن بەدەست هێناوە نەوەك دوای هاوپەیمانیكردن، ئەوەیش پەرەسەندنێكی گرنگی دامەزراوەییە، بەڵام لە رووی سیاسییەوە، دۆڕانێك بوو بۆ نیوەی حزبەكانی ئیسلامی سیاسی شیعە، ئەوان لە هاوكێشەی پێكهێنانی حكوومەت چوونە دەرەوە یان لاواز بوون، بەتایبەتی دوای كۆتاهاتنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان و یەكلابوونەوەی پرسی فراكسیۆنی گەورە، كە كارتێك بوو بەدەستی ئەوانەوە. 

روونی كردەوە، هاوپەیمانە سەرەكییەكانی ئێران زۆریان زەرەر كردووە، ئەوەیش دووپاتی دەكاتەوە كە ئێران لە عێراق باڵادەست نییە، كە دەشگوترێت ئەوەی بیەوێ دەیكات و دەتوانێت ئەوەی بیەوێ بیكات، راست نییە، ئەوەیش بەجوانی لە دانیشتنی یەكشەم دەركەوت.

بەپێی مانای زۆرینەی سیاسی كە موقتەدا سەدر بەرگری لێ دەكات، بردنەوەی حەلبووسی و دوو جێگرەكەی حاكم زاملی، كە سەركردەیەكی باڵای رەوتی سەدرە و شاخەوان عەبدوڵا، سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان، دووپاتی ئەوە دەكاتەوە كە سەدر لە هەنگاونان بەرەو حكوومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی بەردەوامە، ئەگەرچی تا ئێستە نەیتوانیوە بەسەر بەربەستی فراكسیۆنی گەورە زاڵ بێت. 

تا ئێستە سەدر توانیویەتی یەكەم گەڕ و خولی یارییەكە بۆ بەرژەوەندی خۆی تەواو بكات، لە رێگەی دانانی حەلبووسی وەك سەرۆكی پەرلەمان، ئەوەیش بەپێی رێككەوتنێكی سێقۆڵی، بۆ ئەوەی دواتر دەست بە گفتوگۆ لەبارەی پۆستی سەركۆمار بكرێت، كە بەپێی رێككەوتنەكە پۆستەكە بۆ كەسێكی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت، یان كەسێك پارتی پێی رازی بێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل