سەدر: حكوومەتی زۆرینە پێك دێنین و هەڕەشە قبووڵ ناكەین

:: PM:08:27:11/01/2022 ‌

دوای ئەوەی لە 9ی ئەم مانگە یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی بە سەركەوتووی كۆتایی هات و ئەندامان سوێندی یاساییان خوارد و سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەڵبژێردرا، بەشێك لە هێزە شیعە ناڕازییەكان، بەتایبەتی كەتیبەكانی حزبوڵا كە هەڕەشەی لە كورد و سوننە كرد و رای گەیاند كە عێراق بە رۆژانێكی سەختدا تێپەڕ دەبێت، ئەمڕۆ موقتەدا سەدر وەڵامی تویتەكەی دایەوە.

موقتەدا سەدر لە تویتێك رای گەیاند كە لە هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی بەردەوامین و دەرگەیشمان بۆ هەندێك كراوەیە، لەوانەی تا ئێستە نیازی باشمان بەرانبەریان هەیە.
گەڕانەوە بۆ شەڕی تایفی و توندوتیژی روونادات و یاسا سەروەر دەبێت
روونی كردەوە، لەلایەكی تر رێگە بە كەس نادەین، هەركێیەك بێت، كە هەڕەشە لە هاوبەشەكانمان و ئاشتەوایی كۆمەڵگەیی بكات، چونكە حكوومەتی داهاتوو حكوومەتی یاسایە و هیچ بوارێك بۆ پێشێلكاری نییە، جا هەرچییەك بێت و لەلایەن هەركێیەوە بێت. ئەو دووپاتی كردەوە كە گەڕانەوە بۆ شەڕی تایفی و توندوتیژی روونادات و یاسا سەروەر دەبێت.

دوێنێ و وەك كاردانەوە بەرانبەر ئەوەی لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمان رووی دا، ئەبو عەلی عەسكەری، بەپرسی تەناهی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی كە تەنیا یەك كورسیان لە پەرلەمانی عێراق هێناوە، نووسیبووی، دەنگمان كەوت ئەوەندەی باسی گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەكەی بكەین، چەندان جاریش وریاییمان لە مەترسیداری زەوتكردنی مافی زۆرینە و رۆیشتن لەدوای ویستی دەرەكی، بەتایبەتی بەریتانی و ئیماراتی دا، بۆیە بەپێی دۆخەكە و خەمڵاندنی تەناهی، رۆژانێكی سەخت بەسەر عێراق تێپەڕ دەبێت كە هەمووان تیایدا زەرەرمەندن.

لای خۆیەوە جەبار مەعمووری، ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە گوتی، هێزەكانی بەرگری، واتە میلیشیاكان و حەشدی شەعبی دووچاری ناپاكی و پیلانگێڕی ئیمارات هاتنەوە بە مەبەستی ئاساییكردنەوەی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەو وریایی دا لەوەی حكوومەتی نوێ تەنیا چەند مانگێك بەردەوام دەبێت و دەڕووخێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل