له هه‌نگاوێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو و ناوازه‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چوار وڵاتی كه‌نداو گه‌یشتوونه‌ته په‌كینی پایته‌ختی چین و له‌گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته گفتوگۆ و دانوستاندن ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش به سه‌ره‌تایه‌كی نامۆ و جیاوازی ساڵی تازه هه‌ژمار ده‌كرێت، چونكه له‌لایه‌كه‌وه وڵاتانی كه‌نداو هاوپه‌یمان و نزیكی ئه‌مه‌ریكا كه له‌گه‌ڵ چین له ململانێدایه، له‌لایه‌كی تره‌وه‌یش چین له‌گه‌ڵ ئێران هاوپه‌یمانی و ڕێككه‌وتنی 25 ساڵی واژوو كردووه، كه‌چی له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو مامه‌ڵه ده‌كات كه نه‌یاری كۆماری ئیسلامی ئێرانن، به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش نزیكبوونه‌وه‌ی وڵاتانی كه‌نداو له چین یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌وه‌یه كه ته‌كنه‌لۆجیای فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان له‌لایه‌ن په‌كینه‌وه به وڵاتانی كه‌نداو بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی توانن هاوسه‌نگی هێز له ناوچه‌كه له به‌رانبه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران ڕابگرن.
له‌سه‌ر داوا و بانگهێشتی فه‌رمی وانگ یی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه و كوێت و سوڵتاننشینی عومان و به‌حرێن به فه‌رمی دوێنێ دووشه‌م گه‌یشتنه ئه‌و وڵاته و تا ڕۆژی هه‌ینی 14ی ئه‌م مانگه له‌و وڵاته ده‌مێننه‌وه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئه‌مه‌ی خسته ڕوو و هیچ زانیارییه‌كی تریشی له‌باره‌ی ئامانج و ناوه‌رۆكی دیداری وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌نداو و چین بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه.
سه‌ردانی شاندی دیپلۆماسی وڵاتان به فره‌وانی و به كۆمه‌ڵ له دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له جیهان به ته‌واوی ڕووی له كه‌می كردووه، كه‌چی وڵاتانی كه‌نداو به سه‌ردانی هاوئاهه‌نگ و به یه‌كه‌وه‌یی به‌ره‌و چین ده‌كه‌ونه ڕێ، ئه‌مه بووه‌ته جێی پرسیار له‌باره‌ی ئامانج و ناوه‌رۆك و نهێنی ئه‌و جووڵه دیپلۆماسییه، كه هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی لووتكه‌ی چینی- عه‌ره‌بی كه بڕیاره ئه‌مساڵ له سعوودیه ئه‌نجام بدرێت.
زۆرێك له شاره‌زایان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه یه‌كێك له هۆكاره گرنگه‌كانی ئه‌و داوا و بانگهێشته‌ی چین بۆ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی كه‌نداو بۆ ئه‌و ڕووداوانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه زیاتر له هه‌فته‌یه‌كه له كازاخستان ده‌ستی پێ كردووه و تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامی هه‌یه و ڕۆژ دوای ڕۆژیش دۆخی ئه‌و وڵاته به‌ره‌و ئاڵۆزی زیاتر هه‌نگاو ده‌نێت، دۆخی ئه‌م وڵاته‌یش كاریگه‌ری گه‌وره له‌سه‌ر چین داده‌نێت، چونكه پشكی شێری هاورده‌ی نه‌وت له‌لایه‌ن چینه‌وه له كازاخستانه‌وه‌یه. بۆیه له ئێسته‌وه په‌كین ده‌یه‌وێ خه‌م له پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه نه‌وته بخوات كه پێشتر له كازاخستانه‌وه پێی گه‌یشتووه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش وڵاتانی كه‌نداو باشترین و به‌هێزترین بژارده‌ن و ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری وڵاتانی كه‌نداو به گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی نه‌وت له جیهان هه‌ژمار ده‌كرێن.
وڵاتانی كه‌نداو ده‌یانه‌وێ هاوشێوه‌ی ئێران به‌رنامه‌ی دروستكردنی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان له چینه‌وه هاورده‌ی وڵاته‌كانیان بكه‌ن
ئه‌گه‌ر ئه‌مه ئامانجی چین بێ، كه‌واته وڵاتانی كه‌نداو بۆ له په‌كین نزیك ده‌بنه‌وه، له كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا كه پشتیوان و هاوپه‌یمانی وڵاتانی كه‌نداوه هه‌موو هه‌وڵ و تواناكانی خۆی له ململانێ و كێبه‌ركێكردن له‌گه‌ڵ چین چڕ كردووه‌ته‌وه؟ به گوێره‌ی بۆچوونی شاره‌زایان، وڵاتانی كه‌نداو جۆرێك له بێهیواییان به‌رانبه‌ر به ئه‌مه‌ریكا بۆ دروست بووه، به‌هۆی پاشه‌كشه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ڕێخۆشكردن بۆ جووڵه و فره‌وانبوونی زیاتری هه‌ژموونی ئێران به‌سه‌ر ناوچه‌كه، جیا له‌وه‌یش ده‌یانه‌وێ به دانوستاندن كردن له‌گه‌ڵ په‌كین بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێویستییه‌كانی نه‌وت له ئه‌نجامی نه‌مانی ئه‌و بڕه نه‌وته‌ی كه له كازاخستانه‌وه پێی ده‌گات، ده‌یانه‌وێ فشار له‌سه‌ر په‌كین دروست بكه‌ن، كه مووشه‌ك و چه‌كی پێشكه‌وتوو به ئێران نه‌دات و له به‌شێكی ئه‌و ته‌وه‌رانه پاشگه‌ز ببێته‌وه، كه له ڕێككه‌وتنی 25 ساڵه‌ی نێوان په‌كین و تاران بوونی هه‌یه، به تایبه‌ت له ڕووی په‌ره‌پێدانی توانای ته‌كنه‌لۆجی و مووشه‌كی ئێران له‌لایه‌ن چینه‌وه، له به‌رانبه‌ر پێدانی نه‌وت له‌لایه‌ن تارانه‌وه به نرخێكی هه‌رزانتر له نرخی بازاڕی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌وه.
ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی چین و ئێران جۆرێك له نیگه‌رانی لای وڵاتانی كه‌نداو دروست كردووه، به‌هۆی ئه‌وه‌یش كه ئه‌مه‌ریكا گرنگی و بایه‌خی ئه‌وتۆ به ناوچه‌كه نادات، بۆیه نایانه‌وێ كه له رووی ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازی و مووشه‌كییه‌وه تواناكانی ئێران زۆر زیاتر پێش بكه‌ون، له كاتێكدا ئێسته تاران له ڕێی میلیشیاكان و گرووپه به‌كرێگیراوه‌كانی به ئاراسته‌كردنی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی بۆمبڕێژكراو دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی خستووه‌ته گێژاوێكی گه‌وره‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه وڵاتانی كه‌نداو ده‌یانه‌وێ هاوشێوه‌ی ئێران به‌رنامه‌ی دروستكردنی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان له چینه‌وه هاورده‌ی وڵاته‌كانیان بكه‌ن، چونكه ئێرانیش له چینه‌وه پیشه‌سازی و ته‌كنه‌لۆجیای دروستكردنی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی پێگه‌یشتووه، بۆیه ده‌یانه‌وێ چین له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌یش ڕازی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز له ناوچه‌كه بوونی هه‌بێت و ئێران به ته‌واوی به‌ره‌و پێشه‌وه نه‌چێ و به‌سه‌ر وڵاتانی كه‌نداو زاڵ بێ و دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به ته‌واوی بكه‌وێته ژێر هه‌ژموونی ئێرانه‌وه و له كاردانه‌وه‌ی ئه‌مه‌یش دا وڵاتانی كه‌نداو له‌گه‌ڵ تاران ناچار به ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی ببنه‌وه.