دوو ئەفسەری ئیسرائیلی كوژران

:: PM:01:20:13/01/2022 ‌
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ رای گەیاندووە، دوو ئەفسەریان بە دەستی سەربازێكیان كوژراون. سوپا رووداوەكە بە هەڵە ناو دەبات كە سەربازەكە وایزانیوە ئەفسەرەكان فەلەستینین، بۆیە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێ كردووە كە سوپای ئیسرائیل بە رووداوێكی مەترسیداری دەزانێت.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، سوپای ئیسرائیل، كوشتنی دوو ئەفسەری خۆیان راگەیاندووە كە وەك خۆی دەڵێ "بە هەڵە كوژراون". رووداوەكە لە سەربازگەیەكیان لە كەرتی رۆژئاوا رووی داوە كە كوشتنەكە بە دەستی سەربازێكی ئیسرائیلی بووە.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی لەبارەی رووداوەكە بڵاو بوونەتەوە، سەربازە ئیسرائیلییەكە بە شەو پاسەوان بووە، ئەفسەرەكان بەرەو بنكە سەربازییەكە هاتوون و ئەویش وایزانیوە ئەوانە فەلەستینین، بۆیە تەقەی لێ كردوون و هەردووكی كوشتوون.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بینی گانتس بۆ رۆژنامەی "جێروزالیم پۆست" قسەی كردووە و گوتوویەتی، رووداوەكە زۆر مەترسیدارە، بۆیە ئێستە سوپا لێكۆڵینەوە لە جۆری رووداوەكە دەكات.

لەلایەكی تریشەوە سەرۆك ئەركانی سەپای ئیسرائیل ئەفیف كۆخافی بەیانیی زووی ئەمڕۆ گەیشتووەتە شوێنێ رووداوەكە كە تەقەی لێ كراوە و ئەفسەرەكان كوژراون، خۆی سەرپەرشتیی لێكۆڵینەوەكە دەكات.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د