زۆرێك له توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه، كه زۆربه‌ی كێشه‌كانی دنیای سیاسه‌ت و نێوان وڵاتان له ئه‌نجانی لێكنه‌گه‌یشتن و گرفته دهروونییهكانهوهیه، كه دواجار كاردانه‌وه و لێكه‌وتی گه‌وره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و زیانی مه‌زن به خه‌ڵكی ئاسایی ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌یش وایكردووه به‌شێكی توێژه‌ران به وردی به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بگه‌ڕێن، كه پێوه‌ندی زانستی ده‌روونناسی به سیاسه‌ته‌وه چییه و له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك و له جیهانی گلۆبالیزه‌یشن و پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا، ده‌روونناسی چ ڕۆڵێك له‌و نێوه‌نده‌دا ده‌گه‌ڕێ و تا چه‌ند یارمه‌تیده‌ر بووه بۆ چاره‌سه‌ر یان قووڵكردنه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كان.
ئێسته له جیهان دا ئه‌و سیاسییانه و توێژی هۆشیاری هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كان به‌ره‌و توندڕۆیی و نه‌ته‌وه‌په‌رستی هه‌نگاو ده‌نێن، بۆ تێگه‌یشتن له‌مه‌یش زانایان به ته‌واوی كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له پێناسه‌ی تاكی مۆدێرن بكۆڵرێته‌وه و تێگه‌یشتنی مرۆڤ له دوای ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌نده زانستی و سیاسی و مرۆییه‌ی هاتووه‌ته دی، تاكه‌كان له نێو كۆمه‌ڵگه‌كان تێگه‌یشتن و بیركردنه‌وه‌یان به كام ئاراسته‌یه، به بڕوای ئه‌وان به ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه كه ته‌واو ده‌روونییه، ده‌توانن چاره‌سه‌ر و پلانی وردتر دابڕێژن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر له شه‌پۆلی توندڕۆكان بگرن، كه ده‌یانه‌وێ دووباره جیهان بۆ گرژی و توندوتیژی و شه‌ڕ و خوێنڕێژی بگێڕنه‌وه.
به دڵنیاییه‌وه زانستی
ده‌روونناسی ڕۆڵ و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره له دنیای سیاسه‌ت ده‌گێڕن، هه‌موو ئه‌و لێدوان و وتاری سیاسیانه‌ی كه له ڕێی ئامرازه‌كانی گه‌یاندنه‌وه ده‌گوازرێته‌وه، گومانی تێدا نییه، كه له ده‌رئه‌نجام كاردانه‌وه به دوای خۆیدا ده‌هێنێت، جا كاردانه‌وه‌كه نه‌رێنی و خراپ بێ، یان باش و پۆزه‌تیڤ، هه‌ر له زووهوهیش ئه‌مه بنه‌مایه‌كی جێگیر بووه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئامرازه‌كانی گه‌یاندن و ڕاگه‌یاندن، پێشتر به‌و ئاسته‌ی ئێسته پێشكه‌وتوو نه‌بوون، كاردانه‌وه و كاریگه‌رییه‌كان به به‌هێزی و فره‌وانی ده‌رنه‌كه‌وتوون، ئێسته كه سه‌رده‌می به‌یه‌كه‌وه‌به‌ستنی جیهانه له ڕێی ئینته‌رنێت و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، هه‌ڵوێست و لێدوان و وتاری سیاسییه‌كان خێرا ده‌گات و به هه‌موو دنیا و به هه‌موو زمانێك په‌خش و بڵاو ده‌كرێته‌وه، بۆیه كاردانه‌وه و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرایش به دوای خۆیدا ده‌هێنێت، ئه‌مه دیوێكی ئه‌و هۆكارانه‌یه كه به‌رپرسن له زۆربوونی گرژی و توندوتیژی له ناوخۆی وڵاتان و له پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیدا.
دیوێكی تر پێوه‌سته به كه‌سایه‌تی و تێگه‌یشتنی سیاسییه‌كان له هه‌ڵبژاردنی وشه و ده‌سته‌واژه‌كان له كاتی وتار و لێدوان و ده‌ربڕینی هه‌ڵوێسته‌كان، كاتێك به وردی بیری لێ نه‌كرێته‌وه و پاسه‌دان و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ قسه‌كانیان نه‌كه‌ن، زۆرجار له نه‌زانییه‌وه هه‌ڵه‌ی گه‌وره ده‌كه‌ن، كه سه‌ره‌نجام ته‌نگژه‌ی گه‌وره به دوای خۆیدا ده‌هێنێت و ڕای گشتی له ناوخۆی وڵاته‌كه له‌سه‌ر دروست ده‌بێت، یان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی وڵاتانی تری لێ ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌مه‌یش زیان به ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ر وڵاتێك ده‌گه‌یه‌نێت، هاوكات نێوانی وڵاتانی جیهان به‌ره‌و دواوه ده‌گێڕێته‌وه، هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كان كه‌متر ده‌بنه‌وه، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌نگژه سروشتی و مه‌ترسیداره‌كانی جیهان، كه به‌رۆكی هه‌موو مرۆڤایه‌تی گرتووه‌ته‌وه.
لایه‌نێكی تر بریتییه له پیلانگێڕی و هه‌وڵدان بۆ تێكدانی پێوه‌ندی له نێوان سیاسی و لایه‌نه‌كانی ناو یه‌ك وڵات، یان له نێوان وڵاتان، له ڕێی وڵاتی سێیه‌مه‌وه، ئه‌مه‌یش به بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ساخته، یان سه‌پاندنی هه‌ژموون به‌سه‌ر دامه‌زراوه میدیاییه كاریگه‌ره‌كانی ناوخۆی وڵاتێك یان میدیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له ڕێی وه‌شاندنی زانیاری هه‌ڵه و شرۆڤه‌كردنی گوته و لێدوان و هه‌ڵوێستی سیاسییه‌كان به دیوێكی تر كه هانده‌ر بێ بۆ دروستكردنی كێشه و ئاڵۆزی. له سه‌رده‌می ئێسته‌یش ئه‌مه‌یان له لووتكه‌ی گه‌شه‌سه‌ندندایه و گه‌وره‌ترین ڕۆڵ ده‌گێڕێت، له به‌رده‌وامیدان به ململانێ و ته‌نگژه‌كان و قووڵكردنهوهیان، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌یشتن به چاره‌سه‌ر به ته‌واوی قورس و مه‌حاڵ بكه‌ن، كه ئه‌مه‌یش له به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتی سێیه‌م ده‌شكێته‌وه.
پیته‌ر وینه‌ر نووسه‌ر كه له سێ حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا كاربه‌ده‌ست بووه و ڕۆڵی گێڕاوه، ئه‌وه‌ی خستووه‌ته ڕوو، كه ده‌روونناسی سیاسی له سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به تایبه‌تی ڕۆڵی بنه‌ڕه‌تی و یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌گێڕێت، له ماوه‌ی ساڵانی كاركردنیشی له سێ كابینه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌نده‌ی له شاره‌زایانی ده‌روونناسی سیاسی فێری سیاسه‌ت بووه، هێنده سوودی له زانایانی زانستی سیاسی وه‌رنه‌گرتووه، كه ڕاوێژیان به حكوومه‌ت و به‌رپرس و كارمه‌ندانی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا داوه.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت زانستێكی مرۆییه‌وه و ئه‌وانه‌ی له‌و بواره كارده‌كه‌ن بڕیارده‌ر و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی پرسهكانن، بۆیه ده‌روونی ئه‌و كه‌سانه و زانیاری به‌رده‌ستیان ڕۆڵی گه‌وره ده‌گێڕن، له بڕیاردان و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن و هزری سیاسی سیاسییه‌كانی هه‌ر وڵاتێك. له دوای دهروونناسییهوهیش زانستی كۆمه‌ڵناسی به دووه‌م كاریگه‌رترین زانست داده‌نرێ له‌سه‌ر سیاسه‌ت و ئاراسته‌كردنی به‌ره‌و سیاسه‌ت به ئاقاری چاكه‌ی گشتی و مرۆڤایه‌تی، یان به پێچه‌وانه‌كه‌یه‌وه.