بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵ پێوەندی بە هەڵبژاردنی سەركۆماری عێراقەوە نییە

:: PM:06:17:13/01/2022 ‌

ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارێكی بە وەستاندنی كاری دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەركرد، ئەوەیش دوای پێشكەیشكردنی دوو تانە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووری ئەوەی لەو دانیشتنەدا رووی دا، بڕیارەكە ناڕوونی تیادا بوو و لێكدانەوەی جیاوازی بۆ كرا، ئەوەیش وای كرد دادگاكە روونكردنەوەی زیاتر بدات.
هەڵبژاردنی سەركۆمار و دیاریكردنی فراكسیۆنی گەورە و راسپاردنی كاندید سەرۆك وەزیران بەڕێوە دەچێت
ناوەندی راگەیاندن لە دادگای باڵای فیدراڵ لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە ئەو فەرمانەی ئەمڕۆ تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمانی عێراق درا، كە لە چوارچێوەی داوایەكی تانەدان لە دروستیی رێوشوێنەكانی لە دانیشتنی 9ی ئەم مانگەی پەرلەمان پێشكەیش كرابوون، بڕیارەكە كاریگەری بۆ سەر ماوەو دەستوورییەكانی بەڕێوەچوون و تەواوكردنی رێوشوێنەكانی ماون نییە، وەك دوایین وادەی هەڵبژاردنی سەركۆمار و رێوشوێنەكانی پێوەست بە راسپاردنی كاندیدی فراكسیۆنی گەورە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.

روونی كردەوە، ئەو ماوە و مافە دەستووریانە لە یەك حاڵەتدا كاریگەر دەبن، ئەویش ئەگەر بڕیاری كۆتایی لە دادگاكە دەرچوو بە هەڵوەشاندنەوەی رێوشوێنەكانی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان، ئەوەیش تا ئێستە رووی نەداوە و دادگا لە دانیشتنەكانی بە ئامادەبوونی هەردوولا چاوی پیادا دەخشێنێت، دوای تەواوبوونی رێوشوێنی ئاگەداركردنەوەی داواكراو. 

شایەنی باسە ئەمڕۆ محەمەد ساعیدی، شارەزای یاسایی عێراقی گوتی، دوای بڕیارەكەی دادگای باڵا، ئێستە كارەكانی پەرلەمان بە شێوەیەكی كاتی هەڵپەسێردراوە، واتە پەرلەمان ناتوانێت هیچ دانیشتنێكی ئاسایی ساز بكات و هیچ رێوشوێنێكی تر ئەنجام بدات، وەك هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تا كاتی یەكلابوونەوەی بابەتەكە، بڕیارەكەیش كاتی بۆ دیاری نەكراوە و رەنگە هەفتەیەك یان مانگێك یان زیاتر بخایەنێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل