پەرلەمانتارێك: دەبێ پەكەكە شانازی بە سەرۆك بارزانییەوە بكات

:: PM:06:34:13/01/2022 ‌

پەرلەمانتارێكی كوردستان دەڵێت، پەكەكە دەبێت هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی بەرز بنرخێنێ و شانازی بە بارزانییەوە بكات، چونكە لە رابردوودا هاوكاری زۆری پەكەكەی كردووە، لەگەڵ ئەوەیش پەكەكە هەمان كاری دوژمنانی كوردستان بەرانبەر بە كوردستان دەكات.

كلارا بەفرۆ، پەرلەمانتاری كلدانی  سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە هەر كاتێك تووشی شكستێك دەبێت، خێرا دەست بە قسەكردن و هێرشكردن بۆ سەر حكوومەت و هەرێمی كوردستان دەكات، ئەم جارە هێرشیان كردووەتە سەر سەرۆك بارزانی، كەسێكی وەك دۆران كاڵكان و جەماعەتەكەی، دیارە ئامانجیان چییە لەو كوردستانە و بۆچی كار دەكەن.
دەبوایە پەكەكە شانازی بە هەرێمی كوردستانەوە بكات نەك وەك دوژمن ئاستەنگی بۆ دروست بكات
هەروەها گوتی، دەبێ پەكەكە شانازی بە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش بە سەرۆك بارزانی بكات لە بەرانبەر ئەو هەڵویستانەی لە رابردوو هەی بووە، هەروەها شانازی بە قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان بكات، چونكە لە رابردوودا هاوكاری زۆر كراون، بەڵام ئەمانە هاتوونەتە ناو گوند و سنوورەكانی هەرێم و رۆژ بە رۆژ ئاستەنگ زیاتر دروست دەكەن و خەڵكیان بێزار كردووە، ئەمەیش كاری پێشینەی پەكەكەیە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشوورییە دووپاتی كردەوە، پەكەكە وەك هەر دوژمنێك ئاستەنگ بۆ حكوومەت دروست دەكات، لەوكاتەی كە خۆی بە كورد دەزانێت، دەبوایە شانازی بە هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام لای ئەوان وا نییە.

"پارتی حزبێكە ریبازی بارزانی گرتووە، لایەنی نیشتمانی گرتووە و سیاسەت دەكات، لای ئەو بەرژەوەندیی كوردستانی لە پێش هەموو شتێكە، سەرۆك بارزانی كەسایەتییەكی كوردستانی و مێژووییە، بۆیە دۆران كاڵكان چۆن دەتوانێ ناوی بێنێ و هێرش بكات، كە كەسایەتییەكەی مێژووییە لە هەرێمی كوردستان و لەهەر چوار پارچەی كوردستان"، كلارا بەفرۆ وای گوت.





وشە - تایبه‌ت