خانەقین یەكێكە لە ناوچە كوردییە رەسەنەكان، سەرەڕای هەڵمەتی توندی تەعریب و ئەو گوشارەی لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق و دوای ئەوەیش بەهۆی بوونی وەك ناوچەیەكی سنووری و هەوڵدان بۆ زاڵكردنی گیانی تایفەیی بەسەر نەتەوەیی، بەڵام هەر وەك لانكەیەكی كوردایەتی مایەوە، دوو نووسەری خانەقینی ساتێكی مێژووی ئەو شارە تۆمار دەكەن و وەك كتێبێكی خنجیلانە چاپی دەكەن.
لە دووتوێی 245 لاپەڕەدا، كتێبی "خانەقین میرات و شارستانییەت"، لە نووسینی ئیبراهیم باجەلان و عومەر عەلی شەریف لە چاپخانەی كارۆ چاپ كرا.
كۆمەڵێك بابەت سەبارەت بە مێژوو و شارستانیەت و كولتووری خانەقین لەخۆ دەگرێت
ئەمرۆ پێنجشەم 13ی كانوونی دووەم، عومەر عەلی شەریف، یەكێك لە نووسەرانی كتێبەكە بە "وشە"ی گوت، ناوەڕۆكی كتێبەكە كۆمەڵێك بابەت سەبارەت بە میراتی مێژوویی و شارستانی و كولتووریی خانەقین و پێگەی دیاری شارەكە لە چەند قۆناغێكی مێژوویی لەخۆ دەگرێت.
زیاتر گوتی، هەروەها لە كتێبەكە باس لە مێژووی هاووڵاتییانی جوو كراوە لە خانەقین و گەڕەكە كۆن و جێگە شوێنەوارییەكانی ناسێنراوە، هاوكات ناو و ناونیشان و مێژووی كتێبخانە و سینەما و گەرماو و سەڕافەكان و یەكەمین قوتابخانە و یەكەمین قوتابخانەی سەرەتایی كچان دیاری كراوە و ئاماژەی پێ دراوە.
ئەو نووسەرە روونی كردەوە، كتێبەكە لە 254 لاپەڕە پێك هاتووە و ئاكار جەلیل نەخشەسازی بەرگی كردووە و لە چاپخانەی كارۆ چاپ كراوە، هەفتەی داهاتوودا لە كتێبخانەكاندا بڵاو دەبێتەوە.
شایەنی باسە هەردوو نووسەری كتێبەكە، ئیبراهیم باجەلانی نووسەر و مێژوونووس و عومەر عەلی شەریفی نووسەر و وەرگێڕ، خەڵكی شارۆكەی خانەقینن و چەندان بەرهەم و نووسینی تری ئەدەبی و مێژووییان هەیە.
شارەزوور/ ئاسان محەمەد