سەدر: بڕیارەكەی دادگای فیدرال یەكەم هەنگاوە بەرەو ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی

:: PM:09:11:13/01/2022 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارێكی دەركرد بە وەستاندنی كاری سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمانی عێراق لەسەر تانەی دوو پەرلەمانتار لەسەر بوونی پێشێلكاری یاسایی و دەستووری لە یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەم، موقتەدا سەدر ئەو بڕیارەی بە یەكەم هەنگاو بەرەو ئۆپۆزسیۆنێكی پەرلەمانی لەقەڵەم دا.
ئێوە ببنە ئۆپۆزسیۆنێكی نیشتمانی و ئێمەیش پابەند دەبین بە بەهاكانی حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی
سەدر لە تویتێكدا نووسیویەتی، ئەگەر بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵ بە وەستاندنی كاتی كاری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دوور لە گوشاری ئێرە و ئەوێ بێت، ئەوە یەكەم هەنگاوە بۆ دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان و پەنا نەبردنی بۆ توندوتیژی لە بەرانبەر پێكهێنانی حكوومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی.

زیاتر گوتی، ئێمە هیوامان بە ئۆپۆزسیۆنە كە بۆ بەرژەوەندی گشتی كار بكات و رەچاوی ماوە دەستوورییەكان و پێویستی و خواستی گەل بكات لە پەلەكردن بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بۆ ئەوەی بە ئەركە تەناهی و ئابووری و خزمەتگوزارییەكانی هەڵبستێ و لێپرسینەوە لەگەندەڵكاران بكات، نەك لەپێناو دەسكەوتی سیاسی بەربەستی پێكهێنانی بكات، چونكە بەرژەوەندی گەل لە بەرژەوەندییە حزبی و تایفی و سیاسییەكان بەرزتر و بە نرخترە.

سەدر دووپاتی كردەوە كە پێویستە لەسەر ئۆپۆزسیۆن و ئێمەیش عێراق لە چنگی داگیركاری و ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل و تیرۆر و گەندەڵی و پاشكۆیەتی رزگار بكەین، بۆیە داوا دەكەین ببنە ئۆپۆزسیۆنێكی نیشتمانی، ئێمەیش پابەند دەبین بە بەهاكانی حكوومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل