شارەزایەك: میلیشیاكان ترسیان لە راوەدوونان هەیە و پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن

:: PM:09:54:13/01/2022 ‌

دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، موقتەدا سەدر و سەدرییەكان بە زمانی سەركەوتوو قسە دەكەن، ئەوان دڵنیایی خۆیان لە پێكهێنانی حكوومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی دەردەبڕن كە لەو حكوومەتەدا شوێنی میلیشیاكان نابێتەوە، شارەزایەك لەسەر ئەو بنەمایە پێی وایە ئەگەری هەیە میلیشیاكان پەنا بۆ توندوتیژی ببەن.

ئیحسان شمەری، سەرۆكی ناوەندی هزری سیاسی دەڵێت، میلیشیاكان لە بەرنامەی سەدر دەترسن، چونكە نیازی پێكهێنانی حكوومەتێكی زۆینەی نیشتمانی و هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت و داماڵینی چەكی میلیشیاكان هەیە، جیا لە دوژمنایەتی كەلەكەبووی ئەوان و سەدر.  
ترسیان لە كۆتاهاتنی سیاسی و سەربازی هەیە، ئەگەر سەدر حكوومەت پێك بێنێت
زیاتر گوتی، سەدر ئەو میلیشیایانەی بە بێ بەها وەسف كرد كە تەنیا سوود لە بەكارهێنانی سامان و دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق دەبینن بۆ مەبەستی ئەجیندای دەرەكی، بۆیە ترسیان لە داهاتووی خۆیان هەیە بەوەی لە كۆتایی سیاسی و سەربازیان نزیك ببنەوە، ئەگەر حكوومەتێك بە سەرپەرشتی سەدر دروست ببێت.

شمەری روونی كردەوە، سەدر بە روونی هەڕەشەی لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كردووە بەوەی لەگەڵ دامەزراوە تەناهییەكانی عێراق یەكیان دەخات، ئەو كارەیش بۆ ئەوان باش نییە، چونكە زیان بە بەرژەوەندی خۆیان و پێوەندیان لەگەڵ ئێران دەگەیەنێت. 
شمەری پێشبینی كرد كە لایەنگرانی ئێران پەنا بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی ببەن، ئەوەیش دوای هەڕشەكانیان بە بەكارهێنانی كارتی شێواندنی ئاشتەوایی كۆمەڵگەیی، بۆیە لاوازبوونی دەسەڵات و سەرچاوەی داراییان و ترسیان لە راوەدوونانی تەناهی، پاڵیان پێوە دەنێت بۆ گرتنەبەری بژارەی توندوتیژی، كە هاوكات بە گران لەسەریان دەكەوێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل