هەوڵدان یەكێتی بۆ تێكدانی دەروونی هاووڵاتییان كارێكی مەترسیدارە

:: AM:09:07:14/01/2022 ‌
هەر كاتێك دۆخە سیاسییەكە لە هەرێمی كوردستان بەرەو گرژی رۆشتبێت، لایەنێكی دیاریكراو بەشێوەی ناڕاستەوخۆ هەوڵیدا دەروونی هاووڵاتییان تێكد بدات و باسی لەوەكردووە كە هەرێمی كوردستان لە دووریانێكی خراپ دەبێت، ئەمەش وەك كارتێكی گوشار بەكارهێناوە بۆ چارەسەركردن یان هەوڵدان بۆ دەستكەوتی حزبی و پرسی دووئیدارەیی لەو نێوەندەدا.

رزگار ئەژی گۆران ئەندامی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، بە "وشە"ی راگەیاند، لە دنیای سیاسەتدا ناكرێت هەموو شتێك بە دڵی تۆ بێت، دنیای سیاسەت بەركەوتەی دیموكراتی تیایە و هونەری دانوستانی تیایە، دەبێت واقع بین بن، ئەوەی هەیە لە ئارادا و لەسەر شانۆی سیاسی، یەكێتی هاوبەشی ئێمەیە، لە چەندین خاڵی گرنگدا، بەتایبەت لە واقعی ئەمڕۆی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەغداش ئەگەر مەبەستمانە دەستكەوتەكانمان لە پێناوی ئامانجەكان بێت نەك بەرژەوەندی شەخسی، پێویستە واقع بینانە بیر بكەینەوە كە تەنها بە كۆدەنگی بە یەكڕیزی ئەو ئامانجانە بێنینە دی.

زیاتر گوتی، ئەگەر دەستكەوێت لە بەغدا بۆ هەر لایەنێك لە پێناو دۆزی رەوای كورد و مافە دەستوورییەكان و ئامانجە نیشتمان و نەتەوەییەكاندا نەبێت ئەچێتەخانەی حزب پەرستی و خۆپەرستی و خۆجیاكردنەوە لە ئەمڕۆی بزووتنەوەی رزگاری خوازی كورد كە بەشێكی ئەم خەباتە چووەتە ناو پەرلەمانی عێراقەوە، دەبێت خەباتی سیاسی و پەرلەمانی بكەین، هەڕەشە و خۆنیشاندان بەشێوەیەكی تر وێنەت جوان ناكا، بگرە ناشیرین دەبیت پێی، هیوادارم لایەنەكان بیر لە هەڕەشەكردن لە یەكتری نەكەنەوە.

باسی لەوەشكرد، ناكرێت بەرژەوەندی گشتی تێك بدەیت لە پێناو بەرژەوەندی حزبی، ئەگەر ئەوان بیر لەوە بكەنەوە چونە بەغدایان بۆ ئەوەبێت كە دەستكەوتی حزبییان دەستكەوێت، ئەمە پێچەوانەوەی بیركردنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانە، پارتی كە رێی بەغدا دەگرێتەبەر بۆ هەر پۆست و پلەیەك ئەگەر بزانێت لە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی كورد و كوردستان نییە، ئەگەر لە خزمەتی ئەو مادە دەستورییانە نییە نایەوێ.

نەزاكەت حەمەسەعید، مامۆستای زانكۆی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، هەر ئاماژەیەك و باسكردنی بابەتێك ببێتە هۆی تێكدانی یەكڕیزی نیشتمانی ببێتە هۆی نائارامی سەقامگیری لەناو دەروونی تاكەكاندا و نائارامی و سەقامگیری سیاسی نەتەوەیی، بە نەرێنی دەشكێتەوە بەسەر كۆی پرسەكانی تری وڵات، هەر لە پرسی سیاسییەوە تا پرسی ئابووری و كۆمەڵایەتی و دەروونی، چونكە كاتێك هەواڵێك بڵاودەكرێتەوە وەك كارتێك بەبێ بزانین لێكەوتە نەرێنیەكان لەسەر ئابووری وڵات چییە شتێكی مەترسیدایە.

باسی لەوەشكرد، باشترە لەو كاتەدا كە گرژی و ململانێی زۆر هەیە، بەتایبەتیش بارودۆخی كورد لە بەغدا كە لەوەتەی هەیە تا ئێستەش لە ئاستی خوازیاری ئێمەدا نەبووە، نا حەز و دژبەكورد زۆر هەمیشە هەوڵ دەدەن ماڵی كورد شپرز و پەرتەوازە دەكەن، بۆیە باشترە هەموو گوتار و هەڵوێستی لایەنە كوردییەكان بە ئاراستەی یەكڕیزی بێت، بەو جۆرە بێت كە كورد لەیەك نزیك بكاتەوە و بە یەك دەنگی و یەك ستراتیژ و یەك ئامانج كارەكانی خۆی لە بەغدا جێبەجێ بكات.

عەلی ئەنوەر چالاكی سیاسی لە سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی هێزێكە پڕە لە خەڵكی پۆپۆلیست كە هەر كاتێك مەترسی بۆسەر پێگە و بەرژەوەندیەكانیان دروستبێت ڕاستەوخۆ مێژووە تاڵەكەی ساڵانی پێشوو وەبیری خەڵكی كوردستان دەهێننەوە و زەنگی دوو ئیدارەیی لێدەدەن، دروست هۆكارەكەی شكستی ئەو حزبەیە لە ئیدارەدان و حوكمڕانی ئەم زۆنە بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە كە هەر هەڵبژاردنێك كراوە ئەم حزبە زیاتر بچووك بوەتەوە ڕاستتر بڵێم هێدی هێدی بەرەو قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیان كشاونەتەوە.

زیاتر گوتی، لە بنەچەدا ئەگەر بگەڕێنیەوە بۆ مێژوو دەردەكەوێت كە دروست بوونی ئەم حزبە زەروریەت نەبووە بەڵكو لە شوێنی دیكەوە بە پێشنیاری لایەنی دەرەوەی كوردستانی لە دژی یەكگرتوویی شۆڕشی كورد بڕیاری دروست بوونی دراوە، لە ڕاستیدا ئەو جۆرە حزبانە هەرگیز لە ئارامیدا گەشە ناكەن كورد وتەنی دز بازاڕی شێواوی دەوێت ئەگینا بە چ پێودانگێك كوردستانێكی خاوەن پێگە و ناوبانگی ئاشتی و پێكەوە ژیان و لانكەی لێقەوماوان دەكەن بە قوربانی پۆست و كورسیەك كە ماوەی هەشت ساڵە جگە لە بەكارهێنانی دەسەڵات و ئیمكانیاتی بەردەستی لە دژی كوردستان هەشت پیتی لە بەرژەوەندی كورددا نەگوتووە.

 باسی لەوەشكرد، بیستنی ئەو دەنگە نەشازانەی لە نێو یەكێتیدان پێیان گوتین ئەوە یەكێتی نیە كە نایەوێ كوردستان دوو ئیدارەبێت بەڵكو چاوپۆشی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە سەدان پۆست و پلە بۆ ئەو حزبە تا ئێستە ئەو دەنگانەی كپ كردووە، بۆیە ئیدی پێویستە خەڵكی كوردستان خۆیان ئەو دەنگە نەشازانە كپ بكەن و لە پێناو داهاتووی كوردستاندا چیدی لە هیچ كەسێكی قبوڵ نەكەن لە پێناو بەرژەوەندی كەسی و حزبیدا  بیانەوێت كوردستان بكەنە قوربانی.

وشە/ تایبەت



وشە - رامیار جەواد