شاسوار یەكەمین پۆستی حزبەكەی لە عێراق بە خوشكەكەی دا

:: AM:09:05:15/01/2022 ‌
دوای سوێندخواردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشێك لە فراكسیۆنەكان سەرۆكی فراكسیۆنیان دیاری كرد، بە پێچەوانەی بۆچوونەكان، سروەی خوشكی شاسوار كراوەتە سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی كانوونی دووەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت دەست "وشە" كەوتوون، دوای سوێندخواردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئێستە بەشێكی زۆری فراكسیۆنە كوردییەكان سەرۆك فراكسیۆنیان دیاری كردووە تا لە دانیشتنی داهاتوو، وەك سەرۆك فراكسیۆن ئامادەی كۆبوونەوە باڵاكانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بن.

بەپێی زانیارییەكان كە دەستی "وشە" كەوتووە، لە یەكگرتووی ئیسلامی جەمال كۆچەر، لە یەكێتی هەرێم كەمال ئاغا، لە پارتی ڤیان سەبری، لە نەوەی نوێ‌ سروە عەبدولواحید، ئەمانە وەك سەرۆك فراكسیۆن دیاری كراون.

دیاریكردنی سروەی لە نەوەی نوێ‌ وەك سەرۆك فراكسیۆن لە كاتێكدایە، خوشكی سەرۆك حزبەكەیەتی و پێشتر بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە دەیانەوێ حزبێكی مۆدێرن دروست بكەن، گەنجان تێدا ڕابەرایەتی بكەن و نابێت دەسەڵاتی بنەماڵەیی تێدا بێت.

نەوەی نوێ‌ لە خولی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، چوار كورسیی بەدەست هێنا، لەكاتی چوونیان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وازیان لە حزبەكەیان هێنا، ئێستەیش نۆ كورسییان هەیە و پێشبینی گۆڕانكاری لەناو ئەو فراكسیۆنەیش دەكرێ‌.


وشە - رامیار جەواد