لافاو پردێكی ڕووخاند

:: AM:09:55:15/01/2022 ‌
بەهۆی دروستبوونی لافاو لە بناری چیای ئاسۆس، پردێك كە ڕێی نێوان نۆ گوندی بەیەكەوە دەبەست، لافاو بردوویەتی و ڕێی گوندەكان گیراوە، هاووڵاتییان داوا دەكەن بەخێرایی پردێكی كاتییان بۆ دابنرێ‌.

ئەمڕۆ شەموو 15تی كانوونی دووەم، هاووڵاتییانی گوندی گەرمكان و بناری ئاسۆسی شارۆكەی قەڵادزێ‌، پێوەندییان بە "وشە" كرد كە پردی ئەو گوندانەی بناری ئاسۆسی دەبەستەوە بە قەڵادزێ‌، ڕووخاوە و پردەكە ئاو بردوویەتی، هۆكارەكەشی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووك بووە.

باسیان لەوەش كرد، ئەو پردەی ڕووخاوە، ڕێی هاتوچۆی زیاتر لە نۆ گوندی ناوچەكەی بەیەكەوە دەبەستەوە، هیچ زیانێك بە هاووڵاتییان نەگەیشتووە، بەڵكو زیان تەنیا بە پردەكە گەیشتووە.

بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوو هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، لە چەندان شوێن ئاستی ئاو بەرزبووەتەوە و زیانێكی زۆری مادی بە هاووڵاتییان گەیاندووە.



وشە - رامیار جەواد