شەش لە ئۆتۆمبێلە دزراوەكانی هەولێر دۆزرانەوە

:: AM:11:31:15/01/2022 ‌
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕای دەگەیەنێت، هەڵمەتی گرتنی كەسانی شوێنە نایاساییەكان بەردەوام دەبێت، ئەو هەشت ئۆتۆمبێلەشی بە فێڵ دزرابوون، شەشیان دۆزرانەوە.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی كانوونی دووەم، هۆگر عزیز گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دوای ئەوەی ئاگادار كراینەوە كە چەند ئۆتۆمبێلێك لە پێشانگەیەك لە هەولێر دزراون، لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەستی پێ كرد و توانرا لە كۆی هەشت ئۆتۆمبێل، شەشیان بدۆزرێنەوە و دوو تۆمەتبار و بكەری سەرەكیی تۆمەكە گیران.

باسی لەوەش كرد، شەوی ڕابردوو حاڵەتێكی كوشتن لە شاری هەولێر ڕووی دابوو، دوای لێكۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەكە دەركەوت، هاووڵاتییەك كوژراوە و دواتر توانرا تۆمەتباری ڕووداوەكە بگرن و ڕووبەڕووی یاسای بكەنەوە.

لەبارەی یانە شەوانەكان گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی، هەڵمەتی داخستنی ئەو شوێنانە بەردەوام دەبێت كە كاری نەشیاویان تێدا ئەنجام دەدرێ‌، لە داهاتووشدا ئاماری سەرجەم گرتنی ئەو كەسانە بڵاو دەكەنەوە.

ماوەی هەفتەیەكە پۆلیسی هەولێر و ئاسایشی هەولێر، هەڵمەتێكی گرتن و داخستنی ئەو شوێنانە دەست پێ‌ كردووە كە كاری نەشیاویان تێدا ئەنجام دەدرێ‌.



وشە - رامیار جەواد