كۆمەڵە بڕیارێكی نوێ‌ دەرچوون

:: PM:12:36:18/01/2022 ‌
وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێكی نوێی بۆ پشكنینی كۆرۆنا دەركرد، ئەوەیش دوا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جۆری ئۆمیكرۆن.

ئەمڕۆ سێشەم 18ـی كانوونی دووەم، لە فەرمانێكی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی دەستی "وشە" كەوتووە، تێیدا هاتووە، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی هاووڵاتییان و خۆگونجاندن و ڕەچاوكردنی نرخ لەگەڵ دۆخی ئێستە، بڕیاری پێداچوونەوە بە نرخی پشكنینەكان دەرچوو.

لە بڕیارەكەدا هاتووە، پشكنین بۆ نەخۆشان و بەركەوتووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانە حكوومییەكان بە خۆڕاییە، هەروەها لە نۆرینگەكانی كەرتی گشتی، دوای دەوام پشكنین لە 40 هەزار دینار بۆ 25 هەزار كەم كرایەوە.

لە بڕیارەكەی سامان بەرزنجی ئەوەیش  هاتووە، لە فڕۆكەخانەكان و دەروازە سنوورییەكان، نرخی پشكنین لە 40 هەزار دینار كەم كرایەوە بۆ 25 هەزار دینار، هەروەها لە نەخۆشخانە تایبەتەكان نرخی پشكنین لە 50 هەزار دینار كەم كرایەوە بۆ 35 هەزار دینار.

ئەو بڕیارانەی وەزیری تەندروستی لە كاتێكدایە، ئێستە لە هەرێمی كوردستان ئاستی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە.



وشە - رامیار جەواد