له‌گه‌ڵ بارینی به‌فر له شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هاووڵاتییان خۆشی ده‌رده‌بڕن و زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌فر ده‌بینین، هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌فر به دۆشاوی خورماوه بخۆن یان هه‌ندێك به‌فر بخۆن، پزیشكێكیش هۆشداری له خواردنی به‌فری ناو شاره‌كان ده‌دات و هۆكاره‌كه‌یشی ڕوون ده‌كاته‌وه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 20ی كانوونی دووه‌م، دكتۆر شێركۆ حه‌مید پسپۆڕ له نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناو، به "وشه"ی ڕای گه‌یاند، "له‌گه‌ڵ هاتنه خواره‌وه‌ی به‌فر له ئاسمانی شاره‌كان، مه‌ترسیدارترین كار كه هاووڵاتییان ده‌یكه‌ن خواردنی به‌فره به بڕێكی زۆر یان كه‌م، ئه‌مه‌یش زیان به هه‌ناو و پێستمان ده‌گه‌یه‌نێت".
ڕوونی كرده‌وه، "به‌فر له ناوه‌ندی شاره‌كان كه ده‌بارێت، ماده‌ی كیمیایی هه‌ڵده‌گرێت، هه‌روه‌ها پڕه له ته‌پوتۆز و دوانه ئۆكسیدی كاربۆن، جگه له‌وه‌یش گه‌ردیله‌ی ژه‌هراوی هه‌ڵده‌گرن، بۆیه به خواردنی مه‌ترسیی ڕاسته‌وخۆ بۆ ته‌ندروستیمان دروست ده‌بێت".
ئه‌و پزیشكه ئاماژه‌ی كرد، "به‌فر له ناوچه شاخاوییه‌كانیش هه‌ڵگری قه‌وزه‌یه و تووشی سكچوون و گرژبوونی ڕێخهڵۆكان و ڕاوه‌ستانی چالاكییه‌كانی گه‌ده‌مان ده‌كات، هه‌روه‌ها له ناوچه پیشه‌سازییه‌كان كه به‌فر ده‌بارێت، سه‌ره‌تا ڕه‌نگی قاوه‌ییه یان ڕه‌شه كه ئه‌وه خواردنی زۆر ترسناكه و مه‌ترسیدارتره له به‌فری سپی، چونكه ژه‌هراوییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یشدا هه‌ندێك كات به‌فر به‌ر دهموچاویشمان بكه‌وێت مه‌ترسیداره بۆ پێستمان."
ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه شه‌پۆلێكی به‌فربارین هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه، به‌و هۆیه‌وه پله‌كانی گه‌رمی دابه‌زیون بۆ ژێر سفر و ئاستی به‌ستن، به‌وه‌ش ئاسته‌نگی هاتوچۆ له به‌شێك له شه‌قامه‌كانی شار و شارۆكه‌كان دروست بووه.