شه‌وی ڕابردوو له ڕێی ته‌قینه‌وه و هێرشی چه‌كدارانییه‌وه، ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش پشێویه‌كی گه‌وره‌ی له شاری حه‌سه‌كه‌ی ڕۆژئاوای كوردستان دروست كرد، دوای ئه‌وه‌ی گرتووخانه‌یه‌كیان به ئامانج گرتن كه ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كداره گیراوه‌كانی داعشی تێدایه، له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه و هێرشه‌كان، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و یاخیبوون له نێو گرتووخانه‌كه‌یش دروست بوو، به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش 20 چه‌كداری داعش له زیندانه‌كه هه‌ڵاتوون و ڕزگاریان بووه، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی كه له ڕیزه‌كانی ئاسایشی ڕۆژئاوا و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات قوربانی بوونی هه‌بووه.
سه‌رچاوه تایبه‌ته‌كان له ڕۆژئاواوه به ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید "یان ڕاگه‌یاندووه، كه شانه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، سه‌ره‌تا به ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌یان ئه‌نجام دا، كه ئامانجی ته‌قینه‌وه‌یش بریتی بوو له به‌ربه‌ستێكی ته‌ناهی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده، دوای تێكشكاندنی ئه‌و به‌ربه‌سته‌یش گه‌یشتوونه‌ته گرتووخانه‌ی " سناعه " كه‌كه‌وتووه‌ته گه‌ڕه‌كی غوێرانی ناو شاری حه‌سه‌كه، پاشان چه‌كدارانی داعش به چه‌كی سووك ده‌ستیان به هێرش و په‌لاماردان كردووه و له نێو گه‌ڕه‌كه‌كانی تره‌وه ده‌ركه‌وتوون و به‌ره‌و گرتووخانه‌كه هه‌نگاویان ناوه و په‌لاماری پاسه‌وان و هێزه‌كانی ئاسایشی ڕۆژئاوا و هه‌سه‌ده‌یان داوه، كه به‌وهۆیه‌وه بریندار و شه‌هید له ڕیزی هه‌سه‌ده و ئاسایشی ڕۆژئاوا كه‌وتووه‌ته‌وه.
هه‌واڵ و زانیارییه‌كان نه‌یانشاردووه‌ته‌وه، كه له ناو گرتووخانه‌كه‌ی حه‌سه‌كه هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌و هێرشه‌ی داعش، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و یاخیبوون له‌لایه‌ن چه‌كداره گیراوه‌كانی داعش دروست بووه و پشێوی و ئاڵۆزی زۆر كه‌وتووه‌ته‌وه، به‌وهۆیه‌وه‌یش 20 چه‌كداری گیراوی داعش له گرتووخانه‌كه هه‌ڵاتوون و ڕزگاریان بووه.
له به‌رانبه‌ر ئه‌و زانیاریانه ناوه‌ندی میدیایی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات بڵاوی كرده‌وه، كه هێزه‌كانی ئاسایش به پشتیوانی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده توانیویانه دۆخه‌كه كۆنتڕۆڵ بكه‌ن و هیچ چه‌كدارێكی گیراویش له گرتووخانه‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی غوێران نه‌یتوانیوه ڕا بكات و ڕزگاری ببێت. ئه‌و چه‌كدارانه‌یشی كه له ده‌ره‌وه هاتبوون و هێرشه‌كانیان ئه‌نجام دا، زۆرێكیان هه‌ڵاتن و به‌ره‌و گه‌ڕه‌كی زهور ڕۆیشتوون و له نێو خه‌ڵكی سڤیلی ئه‌و گه‌ڕه‌كه دووباره خۆیان حه‌شارداوه‌ته‌وه. به‌ڵام بۆ دۆزینه‌وه و گرتنیان هێزه‌كانمان هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی غوێران و زهوریان گه‌مارۆ داوه و ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و پشكنین كردووه، تا چه‌كداره‌كان بدۆزنه‌وه كه به ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و به ته‌قه‌كردن له هێزه‌كانمان ویستیان چه‌كداره گیراوه‌كانی ناو گرتووخانه‌كه‌ی غوێران ئازاد بكه‌ن. جیا له‌وه‌یش ده‌ست به‌سه‌ر تایه و كه‌لوپه‌لی زۆر گیراوه، كه چه‌كداره‌كان ویستوویانه ئاگریان تێ به‌ربده‌ن و ئاڵۆزییه‌كی گه‌وره دروست بكه‌ن، تا به ئاسای بتوانن چه‌كداره گیراوه‌كان ڕزگار بكه‌ن و تووشی هیچ به‌ربه‌ستێك نه‌بنه‌وه، به‌ڵام پاش ڕه‌وانه‌كردنی هێزی زیاتر و چڕتر بۆ شوێنه‌كه، ئامنجی گرووپه نووستووه‌كه نه‌هاتووه‌ته دی، له‌به‌ر ئه‌وه ناچاربوون ڕا بكه‌ن و دووباره خۆیان بشارنه‌وه.
له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوو هێرش و په‌لاماره‌كانی شانه نووستووه‌كانی داعش له عێراق و سووریا زۆر زیادی كردووه‌ته‌وه، له سه‌ره‌تای ئه‌و مانگه‌یش تیرۆریستان له ناوچه‌ی بادییه بۆسه‌یه‌كیان بۆ هێزه‌كانی هه‌سه‌ده دانا، كه به‌وهۆیه‌وه زیاتر له نۆ شه‌ڕڤانی ڕیزه‌كانی هه‌سه‌ده شه‌هید بوون، ئه‌مه جیا له هێرشه فره‌وان و به‌رده‌وامه‌كانیان بۆ سه‌ر ناوچه جیا جیاكانی عێراق به گشتی و له ناوچه دابڕێنراوه‌كان له هه‌رێمی كوردستانه‌وه به تایبه‌تی.
جێی باسه له دوای 2011ه و به‌رپاربوونی ئاڵۆزی و پشێوییه‌كان له سووریا و تێكچوونی ته‌واوه‌تی دۆخی وڵاته‌كه، چه‌كدارانی پێشووی ڕیزی ڕێكخراوی قاعیده له عێراق به تایبه‌تی، گرووپێكی تری نوێی تیرۆریستیان به ناوی داعش دامه‌زراند و توانیان سێیه‌كی خاكی سووریا و سێیه‌كی خاكی عێراق كۆنتڕۆڵ بكه‌ن و ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌ت به‌خۆیان له ناوچه‌كان جێگیر بكه‌ن.
به‌هۆی هاتنه ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی تری دنیا له دژی ئه‌و ڕێكخراوه تیرۆریستییه و ڕاگه‌یاندنی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعش كه زیاتر له 68 وڵاتی تێدایه، توانرا له ماوه‌ی نزیكه‌ی چوار ساڵ ته‌واوی ناوچه‌كان له عێراق و سووریا له تیرۆریستان پاك بكرێته‌وه و به ته‌واوی ئازاد بكرێنه‌وه، له 2017یش پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كان بۆ ناوچه داگیركراوه‌كان، حكوومه‌تی عێراق كۆتایی داعش ڕاگه‌یاند، هاوكات پاش كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی باغۆز كه دوا وێستگه‌ی داعشبوو، ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كه تووشی ته‌نگژه‌یه‌كی گه‌وره بووه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا به شێوه‌یه‌كی شاراوه و له ڕێی دروستكردنی شانه‌ی نووستووه‌ته‌وه، تا ئێسته‌یش ئه‌و گرووپه به چالاكی ماوه‌ته‌وه، به گوێره‌ی خه‌مڵاندنه‌كانی هاوپه‌یمانانیش زیاتر له 10 هه‌زار چه‌كدار له ڕیزه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه تیرۆریستییه بوونیان هه‌یه و له هه‌ردوو وڵاته‌كه خۆیان حه‌شارداوه و به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی به‌رده‌وامن له ئه‌نجامدانی كرده‌ی تیرۆریستی و ڕێكخستنه‌وه‌ی ڕیزه‌كانیان.