سەربازە ئەتۆمییەكانی كۆریای باكور ئەركیان چییە؟

:: PM:06:42:24/01/2022 ‌

هەر گەل و وڵاتێكی دنیا بە چەند شتێك ناوی دەركردووە، كۆریای باكوریش بە شەڕانگێزی و بۆمب و چەكی ئەتۆمی و مووشەكی بالیستی و بۆمبی هایدرۆجینی و سیستمێكی سەربازی و سەرۆكێكی سەركێش و ملهووڕ و چەوسێنەر، ئەو وڵاتە خاوەنی 200 هەزار كۆماندۆیە، واتە كۆریای باكور خاوەنی گەورەترین هێزی تایبەتی سەربازییە لە دنیادا، بەشێك لەوانە كراون بە سەربازی ئەتۆمی، بەڵام ئەركیان چییە؟

"سەربازە ئەتۆمییەكان"، بەو شێوەیە وەسفی چەند یەكەیەكی هێزە تایبەتەكانی كۆریای باكور دەكرێت كە خاوەنی گەورەترین هێزی تایبەتی سەربازییە لە دنیادا، بەڵام تەنیا ئەو گەورەیی ئەو هێزە نەبووەتە مایەی نیگەرانی بەرپرسانی ئەمەریكا و كۆریای باشوور، بەڵكو ئەركە ئەتۆمی و كیمیاییەكانیان مایەی ترس و نیگەرانییە.

سوپای كۆریای باكور لەسەر ئاستی سوپای وڵاتان چوارەمین گەورەترین سوپایە و ژمارەی سەربازانی 1.21 ملیۆن سەربازی هەیە، ئەوەیش زۆر گەورەیە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەكە كە 25.5 ملیۆنە، واتە سوپا 4.7%ی رێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێك دێنێت، هاوكات بودجەی بەرگری دەگاتە 23%ی كۆی بەرهەمی ناوخۆیی، ئەوەیش گەورەترینە لە هەموو وڵاتانی دنیا لە سەتەی 21دا.
ئەگەر لە ئەركەكەیان سەركەوتوو بن، دەتوانن هەزاران كەس بكوژن
بەشێكی زۆر گرنگی ئامرازی جەنگی كۆریای باكور كە زۆر پشتی پێ دەبەسترێت بریتییە لە كارامەیی سەربازەكانی، كە كۆریای باكور خاوەنی گەورەترین سیستمی هێزە تایبەتەكانە لە دنیادا و ژمارەی ئەندامانی 200 هەزار پیاو و ژنە و ئەوان لەسەر جەنگی نائاسایی راهێنراون، وەك لە راپۆرتێكی گۆڤاری " National Interest "ی ئەمەریكیدا هاتووە.

هێزە ئاساییەكەی كۆ‌وریای باكور زۆر كۆنە و توانای رووبەڕووبوونەوەی جەنگی وڵاتێكی وەك ئەمەریكای نییە، بۆیە پەنای بۆ پەرەپێدانی توانای هێزە تایبەتەكانی بردووە، كە لە 25 لیوای هێزی تایبەت و هێزی ئەركی تایبەت و پێنج كەتیبەی هێزی تایبەت پێك هاتووە، ئەوانە لەسەر بەجێگەیاندنی ئەركی هێرشكردنە سەر هیڵی پێشەوەی ناوچەی لەچەك داماڵراو لە نێوان هەردوو كۆریا و دابەزین بە پەرەشووت و كوشتنی دوژمن راهێنراون.

لە ناو 200 هەزار لە هێزە تایبەتەكان، 150 هەزاریان یەكەی پیادەی خێران، 11 لیوا، ئەوان بە پێی جووڵە دەكەن و ئەركیان دزەكردنە بۆ پشت هیڵەكانی دوژمن یان گەمارۆدانیانە یان هێرشكردنە سەر بەشی پشتەوەی هێزەكانیانە، سێ لیوای تر لە پیادەی گوازراوەن لە ئاسمانەوە و بە پەرەشووت لە ناوچە سەخت و ستراتیجییەكان دێنە خوارەوە وەك فڕۆكەخانەكانی كۆریای باشوور و پاراستنی تەلارەكانی حكوومەت و رێگە خێرا و سەرەكییەكانی كۆریای باكور.    

جگە لەمانە كۆریای باكور هەشت لیوای قەناسبەدەستی هەیە، سیانیان زەوینی و سیانیان ئاسمانی و دووانیشیان دەریایی و هەر لیوایەك لە 3500 سەرباز پێك هاتووە، ئەوان ئەركی كوشتن و هێرشكردنە سەر ئامانجە سەربازی و ئابوورییە ستراتیجییەكانە، جیا لە تێكدان و جەنگی چەتەیی دژ بە حكوومەتی كۆریای باشوور، بۆیە پۆشاكی مەدەنی یان سەربازی كۆریای باشوور یان ئەمەریكیان لەبەردایە، لەهەر لیوایەكیش فەسیلێكی ژنانیان هەیە. جیا لەوانە چوار كەتیبەی چاودێری هەن كە مەشقی تایبەتیان پێ كراوە و لە 500 سەرباز پێك هاتوون، ئەوان زانیاری نهێنیان لایە، كەتیبەبەیەكیش تایبەتە بە كاركردن لە دەرەوەی وڵاتەكە.

لە حاڵەتی دروستبوونی جەنگ لەگەڵ كۆریای باشوور ئەگەری هەیە كۆریای باكور دەیان هێرشی جیاجیا بكاتە سەر هەموو بەشەكانی ئەو وڵاتە، هەر لە ناوچە لە چەك داماڵراو و بەندەری بۆسان، بەڵام تا ئێستە توانای هێزە تایبەتەكانی كۆریای باكور و رۆڵیان لەهەر شەڕێكدا جێی مشتومڕە، چونكە ئەگەر هێزەكانی بەرگریكاری كۆریای باشوور زوو رێوشوێنی خۆپارێزی وەربگرن، دەتوانن زیانی گەورە بەو هێزە تایبەتانەی كۆریای باكور بگەیەنن. 

ئێستە ئەو هێزە تایبەتانەی كۆریای باكور لە تەنیا هێزێكی بێزاركەر و مەترسیدار كە لە پشتەوەی دوژمن هێرش دەبات، بۆ شتێكی زۆر مەترسیدارتر پەرەی سەندووە، ئەو هێزە توانای بڵاوكردنەوەی چەكی ئەتۆمی و كیمیایی و بایۆلۆجی و تیشكاوەری هەیە، بەشێوەیەك ئەگەر لە ئەركەكەیان سەركەوتوو بن، دەتوانن هەزاران كەس بكوژن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل