پۆلیسی سلێمانی، گرتنی سێ فاڵچی ڕاگەیاند كە كاریان بریتی بووە لە فێڵكردن و هەڵخەڵەتاندنی هاووڵاتییان، گرتنەكەشیان لەسەر سكاڵای هاووڵاتییان بووە.
ئەمڕۆ سێشەم 25ـی كانوونی دووەم، پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی چوارچرا، سێ تۆمەتباریان گرت كە لەڕێی نوشتە و فاڵگرتنەوەوە فێڵیان لە هاووڵاتییان كردبوو.
باس لەوەش كراوە، هاووڵاتییەك سكاڵای لە دژی سێ تۆمەتبار تۆمار كرد كە لەڕێی نوشتە و فاڵگرتنەوەوە، فێڵی لێ كراوە و بڕی 600 دۆلاریان لێ سەندووە، لێكۆڵینەوەكان دەستی پێ كردووە.
ئەوەیش ئاشكرا كراوە، ئەو كارەیان لەڕێی پەیجێكەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بووە و هاووڵاتییانیان فریو داوە.
گرتنی ئەو كەسانە لە كاتێكدایە، ئێستە بەدەیان كەس لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشەی نوشتە و جادوو دەكەن، ئەوەیش وایكردووە فێڵ لە هاووڵاتییان بكەن و سەتان هەزار دۆلاریان لێ وەربگرن، هەروەها لە ماوەی ڕابردوو لە شارەكانی تردا چەندان كەس بەو هۆیەوە گیراون.