بەفر و باران دەست پێ‌ دەكاتەوە

:: AM:11:26:25/01/2022 ‌
بەرپرسێكی كەشناسی ڕای دەگەیەنێت، شەپۆلێكی تری بەفر و باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و تا بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی كانوونی دووەم، بژار ئەكرەم لێپسراوی بەشی پێشبینییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە شەودا نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سپی ناوەڕاست روو لە ناوچەكەمان دەكات رۆژی پێنجشەم كاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەكەمان چالاكتر دەبێت، تەواوی ناوچەكەمان دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئەم شەپۆلە، لەگەڵ بارانبارین بارستە هەوایەكی سارد یاوەری ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە دەكات.

زیاتر گوتی، بەهاتنی ئەو شەپۆلە بەفریش لەسەر ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت. لە سەنتەری پارێزگای هەولێر نمەباران و ناوچەكانی تر بارانی مامناوەندی دەبێت، لەسەر ناوچە شاخاوییەكان بەفر دەبارێ بەتایبەت ئەو ناوچە شاخاوییانەی لە سەرووی هەزار و 700 مەتر لەسەر ئاستی رووی دەریان.

باسی لەوەش كرد، لە سەنتەری سلێمانی و هەڵەبجە سەرەتا نمەبارانی دەبێت پاشان بۆ بارانی مامناوەند دەگۆڕێت لەسەر بەشەكانی تری ئەو پارێزگایە، پاشان بەفریش دەبارێ و تەواوی ناوچە بەرزاییەكانی ئەم سنوورە بەفری لێ دەبارێت، ئاستی بارانی پێشبینیكراو لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە سەرووی 10 ملم دەبێت.

لەبارەی پارێزگای دهۆك ئەو بەرپرسەی كەشناسی ڕای گەیاند، سەنتەری دهۆك لەگەڵ نمەباران هەندێ جار ئەگەرێكی كەمی بەفربارینی هەیە، تەواوی ئەو ناوچە شاخاوییانەی كە بەرزییان لە سەرووی هەزار و 500 مەترە لەسەر ئاستی رووی دەریا، باران و بەفریان لێ دەبارێت، هەروەها كاریگەری ئەم شەپۆلە تا كاتەكانی بەرەبەیانی رۆژی هەینی لەسەر ناوچەكەمان دەمێنێتەوە.




وشە - رامیار جەواد