ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری راگرتنی كاری سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و ددانی بە تەواوی رێوشوێنەكانی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دانا، واتە سەرۆكایەتییەكەی بێ كێشەیە و دەتوانن دانیشتنەكان دەست پێ بكەنەوە، ماوەی ماویش بۆ رێككەوتنی كورد لەسەر پۆستی سەركۆمار تا 9ی شوباتە، دوای ئەوە سەدرییەكان دەست بە دامەزراندنی حكوومەت دەكەن، دوای هەموو ئەو پەرەسەندنانە فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران گەیشتەوە بەغدا، بەڵام ئەوجارە چی پێیە؟
بەپێی هەواڵەكان ئەمڕۆ سێشەم هاوكات لەگەڵ رۆژی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵ بۆ تاوتوێكردنی دوو تانە لەسەر شەرعیەت و دەستووریی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، گەیشتە بەغدا، سەرەتا وا بڵاو كرایەوە كە دانیشتنەكە دوا خراوە، بەڵام دواتر دادگاكە دانیشتنەكەی ساز كرد و بڕیاری خۆی لە بەرژەوەندی رەوتی سەدر دا، كە ئەوەیش ئاماژەیەكە بۆ سازشكردنێكی تری ئێران و شیعەی سەر بە ئێران لە بەرانبەر سەدر لە هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی دوور لە نووری مالیكی.
ئەمشەو سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدەن
ئەمڕۆ سێشەم ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس وەك جارەكانی پێشوو گەیشتە بەغدا، ئەوەیش دوای ئەوەی لە دەوروبەری 9ی ئەم مانگە لە سەروبەندی سازكردنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق و دیاریكردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە بەغدا و نەجەف لەگەڵ لایەنە شیعە نەیارەكان كۆ بووەوە، بەڵام نەیتوانی موقتەدا سەدر بە پێكهێنانی حكوومەتێكی تەوافوقی بە بەشداری هەموو شیعەكان، لەوانەیش نووری مالیكی رازی بكات.
سەرچاوەكان دەڵێن ئەمجارەیش قائانی بۆ سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوە و گفتوگۆی نوێ لە نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكانیان بەرەو پێكهێنانی حكوومەتێكی تەوافوقی هاتووە، بەتایبەتی هەنگاوەكان بەرەو پێكهێنانی حكوومەت نزیك بوونەتەوە و كارتەكانی گوشار بۆ سەر سەدر تا دێت كەمتر دەبنەوە، بەتایبەتی دوای بوونی محەمەد حەلبووسی بە سەرۆكی پەرلەمان و ئەگەری هەیە سەركۆماریش بۆ كاندیدی پارتی دیموكراتنی كوردستان یەكلا ببێتەوە، ئەگەر یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بەرهەم ساڵح لە كاندیدیبوون پاشەكشە پێ نەكات.
لە بەرانبەر گوشارەكانی سەر موقتەدا سەدر و هاوپەیمانەكانی سوننە و كوردی، سەدر لە گوتەیەكی تەلەڤزیۆنی رای گەیاند كە بانگەشەی هادی عامری و قەیس خەزعەلی و فالح فەیازی بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتێكی زۆرینە كردووە، بە مەرجێك نووری مالیكی بەشداری تیادا نەكات، بەڵام ئەوان رەتیان كردووەتەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی هاتنیان بۆ حەنانە بە بەشداریكردنی مالیكی بەستەوە، ئێمەیش گوتمان چیتان پێ خۆشە وا بكەن.
ئێستە لایەنە شیعەكان لەبەردەم سێ ئەگەرن، یەكەمیان رازیكردنی سەدر بە پێكهێنانی حكوومەتێكی سازان، ئەو پێشنیازە لەلایەن ئێرانییەكانیش پەسندە، یان رازیبوون بە داواكەی سەدر بە پێكهێنانی حكوومەتێكی زۆرینەی نیشتمان بە بەشداری لایەنە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە دوور لە نووری مالیكی یان بەشداری نەكردنیان، بژارەی سێیەمیش سازشكردن سەدر یان جەنگێكی ناوخۆیی سنووردار یان بەگشتی شیعە.
بەپێی زانیارییەكان هاتنی ئەوجارەی قائانی بۆ رازیكردنی سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بە پێویستی چوونە ناو حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی سەدرییەكان، قائانی كە بەرپرسی دۆسییەی تەناهی ئێران و عێراقە، داوای لە سەرانی شیعە كردووە بە پاراستنی یەكپارچەیی ناوماڵی شیعە و قبووڵكردن بە مەرجەكانی سەدر بە دوورخستنەوەی نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەشداریكردن لە حكوومەتی نوێ.
جیا لەوە دووپاتی لە رێكخستنەوەی شیعەی سەر بە ئێران كرد بەشێوەیەك پارێزگاری لە دەستكەوتی ئێستەیان بكەن و یەك سەركردایەتی بۆخۆیان دیاری بكەن، واتە كۆبوونەوەی هەموو پەرلەمانتارانی چوارچێوە لەژێر ناونیشانی هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری و چوون بەرەو حەنانە و زیندووكردنەوەی ناوماڵی شیعە بە سەرۆكایەتی سەدر و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
بەپێی زانیارییەكان قائانی ئاماژەی بۆ پێدانی مسۆگەری بە مالیكی كرد بەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناكرێت لەو دۆسیانەی لەسەری هەن، جیا لە هەندێك شتی تریش، بۆیە قائانی داوای لە شیعەی لایەنگری ئێران كردووە كە دوایین هەل لەدەست خۆیان نەدەن بۆ كۆكردنەوەی ناوماڵی شیعە دوور لە مالیكی. هاوكات ئەو سەرچاوەی هەموو زانیارییەكانی داوە باسی لەوەیش كرد كە پێشبینی دەكرێت تاران سیسناریۆی پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی سەدر قبووڵ بكات، نەوەك لە ترسی لەدەستدان یان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لە عێراق، بەڵكو وەك سووربوون لە دروست نەبوونی هیچ تەنگژەیەك زیان و كاریگەری بخاتە سەر گفتوگۆكانی پێوەست بە رێككەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننا.
لەوكاتەی باسی ئەوە دەكرێت كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رازیبوون بە مەرجەكانی سەدر لەسەر داوای قائانی، مەرجی خۆیان دەبێت، لەوانە وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تریش، یان دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانێكی تەوافوقی، سەرچاوەیەكی سیاسی روونی كردەوە كە بڕیارە ئەمشەو سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆ ببنەوە بۆ بڕیاری یەكلاكەرەوە بدەن، بە بەشداریكردن لە حكوومەتی سەدر یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن یان بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی.