هەرێمی كوردستان لەناو قۆناغێكی نوێدایە.. قورسایی هەرێم دەچێتە ئاستی وڵاتان

:: PM:09:48:25/01/2022 ‌

شارەزایەكی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی دەكات كە تا دێ پێوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و دنیا فراوانتر دەبێت و زیاتر گەشە دەكات، ئەمەیش بەشێكی بۆ شێوازی مامەڵە و هەڵسوكەوتی حكوومەتەكەی دەگەڕێتەوە، كە رێزی لە یاسا نێودەوڵەتییەكان گرتووە.

دڵشاد نامیق، ماستەر لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئەوەی لە چواچێوەی عێراقدا قەوارەیەكی دەستووری دان پیادا نراوە، بەڵام لە رووی واقیعییەوە رەهەندێكی نەتەوەیی هەیە و قورساییەكەی لە هەرێمێك زیاترە لە رووی پێوەندییەكانی دەرەوەی، هەر بۆیە تا دێت پێوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و دنیایش فراوان دەبێت و زیاتر گەشە دەكات، ئەمەیش بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی مامەڵە و هەڵسوكەوتی هەرێم، كە رێزی لە یاسا نێودەوڵەتییەكان گرتووە.

هەروەها گوتی، ئەو هەموو پێوەندییەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتان و وڵاتانی دەرەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە رابردوودا بەشێوەیەكی هاوسەنگ مامەڵەی لەگەڵ دەوڵەتان كردووە و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كردووەتە پێوەری دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتاندا و نەچووەتە ئەو جەمسەرگیرییانەی لە ناوچەكەدا هەن، هاوكات رێگەی نەداوە ببێتە گۆڕەپانێك بۆ مەترسی لەسەر هیچ وڵاتێك، جیا لەوە بەشێكی ئەم پیوەندییە فراوانە دەگەڕێتەوە بۆ روانگەی سیاسی فەرمانڕەوا و بڕیار بەدەستەكانی هەرێم، كە روانگەیەكی میانڕەوانەیان هەیە و بڕوایان بە چارەسەری ئاشتییانە هەیە بۆ گشت كێشە و گرفتەكان.
ئەو سەردانانە لە رووی ئابووری و دیپلۆماسییەوە بە سوودی هەرێمی كوردستان تەواو دەبن
ئەو شارەزایە روونی كردەوە كە ئەمە وای كردووە دەوڵەتانی خاوەن روانگەی میانگیر بایەخ بە هەرێم بدەن، وەك دەبینین وڵاتانی دژ بە بەرەی توندڕۆیی و توندوتیژی لە پێوەندییەكی زۆر باشدان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە نموونەی ئەوانیش وڵاتانی كەنداو و میسر و ئوردن و یەكێتی ئەوروپا، تەنانەت هەندێ لە وڵاتانی دراوسێیش كە بەخۆپارێزییەوە مامەڵەیان لەگەڵ هەرێم دەكرد، بە تێپەڕبوونی كات واقیعەكەیان قبووڵ كردووە و پێوەندیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەرەو پێشەوە بردووە، بۆیە زۆر گرنگە ئەم روانگەیە ئەم ئاراستەیە لە مامەڵەكردن لەسەر ئاستی دەرەی هەرێم بەردەوام بێت و پەرەی پێ بدرێت.

لای خۆیەوە ئازاد ئەكرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، كرانەوەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و زیاتركردنی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دنیا هەردەم هەنگاوێكی ئەرێنێ و زۆر باشە، كە لە رووی دیپلۆماسییەوە هەرێمی كوردستان هەنگاوی پێشوەچوون هەڵدەگرێت.

زیاتر گوتی، ئەو جۆرە پێوەندییانە زۆر كاریگەر دەبن بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە لەو پێوەندی و سەردانانەی كاربەدەستانی حكوومەت بۆ وڵاتان، ئەزموونی وڵاتان بۆ هەرێم دەگوزارێتەوە، ئەمەیش ئەوەمان پێ دەڵێت كە هەرێم دەیەوێ سوود لە وڵاتان وەربگرێت، بەتایبەت لە رووی كشتوكاڵ و تەندروستی و پیشەسازی و سیستمی كار و پەروەردە و كەرتەكانی تریش، بۆیە ئەو ئالوگۆڕییەی سەردانەكان لەنێوان هەرێم و وڵاتانی تر و ئەو پێوەندییانە بۆ ئەو كارانە زۆر باش دەبن.

لای خۆیەوە كلارا بەفرۆ، ئەندامی لیستی كلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بەدڵنیاییەوە فراوانبوونی پێوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ دنیای دەرەوە كاریگەرە، كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو بوارەدا هەنگاوی گەورە و گرنگی ناوە، جموجوڵەكانی سەرۆكی حكوومەت لە بواری بازرگانی و ئابووری و تەناهی كاریگەری زۆر باشی هەبووە لەسەر ئەو پێوەندییانە، شەڕی داعش ئەوەی نیشانی دنیا دا.

روونی كردەوە، هەرێمی كوردستان دەرگای لەگەڵ تەواوی وڵاتان كراوەیە، لە ماوەی رابردوو بینیمان سەرۆكی وڵاتانی زلهێز هاتنە هەرێمی كوردستان، سەردانەكانی سەرۆكی حكوومەت بۆ وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گرنگن، گرێدانی پێوەندییەكان و ئالوگۆڕكردنی بیروڕا و گواستنەوەی ئەزموونەكانی ئەو وڵاتانە، كوردستان ئێستە بە دنیای دەرەوەی ناسێندراوە، كار بۆ ئەوەی دەكات هەمیشە پێوەندییەكانی فراوان بكات، هەرێم ناوچەیەكی فرەپێكهاتە و هەمووان تیایدا پارێزراون.

"ئەو سەردانانە لە رووی ئابووری و دیپلۆماسییەتەوە گرنگ دەبن بۆ هەرێم، چونكە پێوەندییەكان بۆ بواری ئابووری و هاتنی كۆمپانیای ئەو وڵاتانە و كاركردن لە هەرێم سەر دەكێشن، دوا جار بە سوودی هەرێمی كوردستان تەواو دەبێت"، كلارا بەفرۆ وای گوت.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل