هێزێكی تر بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە گواسترایەوە

:: AM:10:37:26/01/2022 ‌
لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆسەی یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، هێزەكانی پشتیوانی دوو گواسترایەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ـی كانوونی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆسەی یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، هێزەكانی پشتیوانی دوو گواسترایەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

هۆشمەند رەشید جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئیدارە و میرە رای گەیاند، بەفەرمانی ژمارە 228ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، تەواوی هێزەكانی پشتیوانی دوو لە هێزەكانی 70 گواسترانەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

شایانی باسە هەر لەم چوارچێوەیەدا، پێشتر هێزەكانی پشتیوانی یەك گواسترانەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

گواستنەوەی ئەو هێزانە لە كاتێكدایە، ئێستە پرۆسەی ڕێكخستنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوامە، هێزەكانی هاوپەیمانانیش سەرقاڵی مەشقدان و پڕچەككردنی هێزە ڕێكخراوەكانی پێشمەرگەن.



وشە - رامیار جەواد