بڕیارێك بۆ فەرمانبەران دەرچوو

:: PM:01:46:26/01/2022 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری، رێنوێنیی دارایی ژمارە سێی ساڵی 2022 تایبەت بە دەرماڵەی لە بری كەمئەندامی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، بڕیار درا بە دیاریكردنی مافی دەرماڵەی لە بری كەمئەندامی بەڕێژەی 50% لە مووچەی بنەڕەتی، مووچەی وەكو كەمئەندام نەمێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ـی كانوونی دووەم، لە نووسراوێكی وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بڕیار درا بە دیاریكردنی مافی دەرماڵەی لە بری كەمئەندامی، بەڕێژەی 50% لە مووچەی بنەڕەتی كەمئەندامی فەرمانبەر، بە مەرجێك لە بڕی 100 هەزار دینار تێپەڕ نەكات.

پێشتر ئەو فەرمانبەرانەی خاوەن پێداویستی تایبەت بوون، سوودمەندی مووچەی كەمئەندامی و مووچەی فەرمانبەری بوون، ئەو هەنگاوەش بۆ نەهێشتنی دوو مووچەیە و بۆ چاكسازی و ڕێكخستنەوەی مووچە كاری لەسەر كراوە.

لە نووسراوەكەدا باس لەوەش كراوە، دەرماڵەی خەرجكراو، بەپێی رێژەی كەمئەندامی دیاری دەكرێت لەلایەن لیژنەیەكی پزیشكی پسپۆڕەوە، بەگوێرەی پێوەرەكانی ئەو رێنوێنییەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە هاوئاهەنگی وەزارەتی تەندروستی، لەبەر رۆشنایی یاسای ماف و ئیمتیازەكانی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەرێمی كوردستان.

ئەوەیش باس كراوە، لەكاتی خانەنشینكردنی فەرمانبەری كەمئەندام، بڕی 100 هەزار دینار وەك هاوكاری بۆ خەرج بكرێت لە بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی.

لە هەرێمی كوردستاندا ئێستە نزیكەی 94 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت هەن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە پێنج هەزار مووچەخۆری خاوەن پێداویستی تایبەت، فەرمانبەریشن.



وشە - رامیار جەواد