رۆژنامه‌یه‌كی ئیسپانی لە راپۆرتێک‌دا هۆکاری ئامادەنەبوونی جێرارد پیکێی بەرگریکاری بارسێلۆنای له ئێواره خوانه‌كه‌ی مێسی له كه‌ته‌لۆنیا ئاشكرا كرد.
مێسی دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر لە بارسێلۆنا بوو، به‌شداریی له ئاهەنگگێڕانی یادی لە دایکبوونی هاوڕێیه‌کەی "چاڤی هێرناندێز" راهێنەری ئێسته‌ی یانه‌ی بارسێلۆنا كرد، كه ته‌مه‌نی بووه 42 ساڵ.
ئاهەنگەکە سنووردار بوو بە نانی ئێوارە لە چێشتخانەیەکی ژاپۆنی له باکووری شاری بارسێلۆنا، کە مێسی، چاڤی، سێرجیۆ بوسکێتس و خۆردی ئالبا، لەگەڵ هاوژینه‌كانیان ئاماده‌بوون.
ئاماده‌نەبوونی پیکێ له ئێواره خوانه‌كه مشتومڕی بەربڵاوی له سۆشیاڵ میدیادا به دوای خۆیدا هێنا، بە تایبەتی کە ئەو ناسراوە به‌وه‌ی یەکێک بووە لە هاوڕێ نزیکەکانی مێسی.
رۆژنامه‌ی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشكرای كردووه، پیکێ چیتر بەشێک نییە لە بازنە نزیکەکەی مێسی لە یانه‌ی بارسێلۆنا و پێوەندیی نێوان مێسی و پیکێ تێکچووه، دوای ئەوەی مێسی له هاوینی رابردوو یانه كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ی جێ هێشت.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژەی بەوە کردووە، پیکێ پێش رۆیشتنی مێسی، ره‌تی كرده‌وه مووچەکەی کەم بکاتەوە و ئه‌مه‌ش هۆکاری ئەوە بوو یانه‌كه تووشی زەحمەتییەکی زۆربێت له رووی داراییه‌وه و نه‌توانێت گرێبه‌ستی مێسی نوێ بكاته‌وه.
رۆژنامەکە گەیشتووه‌ته ئەو ئەنجامەی، مێسی هەستی بە ناپاكیی پیکێ کردووه، چونکە پێكێ پاش ئەوەی ئەستێرەكه‌ی ئەرجەنتین چووه یانه‌ی پاریس سانجێرمان، ئینجا رازی بوو مووچەکەی لە بارسا كه‌م بكاته‌وه.
چەند راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانی باسی ئه‌وه‌شیان كردووه، مێسی مه‌رجی هه‌بووه له ئاماده‌بوون لە ئێواره خوانه‌كه، ئه‌ویش ئه‌وه بوو پیكێ نابێت ئاماده بێت.
لیۆ مێسی لە مانگی ئابی رابردوودا، دوای نزیكه‌ی 20 یاریكردن له یانه‌ی بارسێلۆنا، یانه‌كه‌ی جێ هێشت و چووه یانه‌ی سانجێرمان، هه‌رچه‌نده خۆی حه‌زی ده‌كرد بمێنێته‌وه، به‌ڵام به هۆی یاسای دارایی له خولی ئیسپانیا، بارسێلۆنا نه‌یتوانی گرێبه‌سته‌كه‌ی نوێ بكاته‌وه، چونكه یانه‌كه به قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی داراییدا تێده‌په‌ڕێت.