بەرشەلۆنە و لێڤەرپوول ركابەری لەسەر یاریزانێكی بڕووسیا دۆرتمۆند دەكەن

:: AM:10:19:19/03/2017 ‌

هەردوو یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و لێڤەرپوولی ئینگلیزی بڕیاریانداوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا هەموو هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ عوسمان دێمبلی ئەستێرەی لاوی یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی.

دێمبلی /19 ساڵ/ كە هاوینی رابردوو بە گرێبەستێك لە یانەی رینی فڕەنسییەوە پەیوەندی بە یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانییەوە كرد، لەم وەرزەی خولی ئەڵمانیادا ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كردووە و چاوەڕێی داهاتوویەكی گەشیشی لێ دەكرێت.

بۆ ئەمەش هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و لێڤەرپوول گرێبەستكردنیان لەگەڵ ئەو یاریزانە لاوەی لای راستی یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند كردووەتە یەكەمی كارەكانیان لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.

ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر چەند جارێك راهێنەر و سەرۆكایەتیی یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند رەتیان كردبووەوە بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری دێمبیلی بن.

دێمبلێ پێشتر رایگەیاندبوو كە هاوینی رابردوو داواكاری بەشێكی زۆری یانە گەورەكانی ئەوروپای رەت كردبووەوە لەسەرووی هەمووشیانەوە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و  بڕیاریدا لە ریزی یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند یاریی بكات، تا هەلی زیاتری یاریكردنی پێ بدرێت و تواناكانی خۆی پێش بخات و ببێتە ئەستێرەیەكی گەش لە یاریی تۆپی پێدا لە داهاتوویەكی نزیكدا.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م