لە هەولێر پاڵەوانیەتیی بادمینتۆن بۆ یانەكانی عێراق بەڕێوە چوو

:: AM:11:44:19/03/2017 ‌

دوێنێ شەموو لە هۆڵی یانەی ئەكاد لە شارۆكەی عەنكاوە لە شاری هەولێر پاڵەوانیەتیی یانەكانی عێراق بۆ یاریی بادمینتۆن لەسەر ئاستی كچان بەڕێوە چوو.

دوای ركابەرییەكی بەهێز لەنێوان 32 یاریزانی 20 یانەی بەرشداربوونی پاڵەوانیەتییەكەدا، ئەنجامی كۆتایی لەسەر هەردوو ئاستی پاڵەوانیەتیی تاكی و جووتدا راگەیانرا و خەڵات دابەشكرا، یانە بەشداربووەكانی پاڵەوانەتییەكەش برێتی بوون لە ئەكاد، ئاسووری، سەلام، حدوود، خەلیج عەرەبی، ئەندەلوس، ختووت، سۆران، سلێمانی، سولاف، سۆلافی نوێ، توركمان، غازی باكور، قاسۆ، دووز، ئارارات، شوانە، بابە گوڕگوڕ، رواندوز و مەحاویل.

 لە پاڵەوانیەتییەكەدا و لەسەر ئاستی یاریی تاكی، یاریزانی یانەی ئاسووری ئیناس خالید خەڵاتی یەكەمی بەدەستهێنا دوای ئەوەی لە یاریی كۆتادا بە ئەنجامی 2 گێمی بێ بەرامبەر لە كچە یاریزانی یانەی ئەكاد سانا جەمالی بردەوە و ئەنجامی هەردوو گێمەكەش برێتی بوو لە 21-9 و 21-11.

لەسەر ئاستی یاریی جووتیشدا یانەی ئەكادی شاری هەولێر توانی ببێتە پاڵەوان دوای ئەوەی هەردوو كچە یاریزانی یانەكە رەمامە شەمایل و سانا جەمال توانیان لە هەردوو كچە یاریزانی یانەی سەلام حەولا سەبڕی و زەینەب سەبڕی بە ئەنجامی 21-18 و 25-23 ببەنەوە.

ئامانجی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیی یانەكانی عێراق بۆ یاریی بادمینتۆن سەرەڕای دیاریكردنی پاڵەوانی عێراق و بەدەستهێنان و بردنەوە ناسناوەكان، مەبەستێكی تریشی هەبوو كە ئەویش هەڵبژاردنی كچە یاریزانان بوو بۆ ریزی هەڵبژاردەی بادمینتۆنی عێراق بۆ بەشداریكردن لە پاڵەواتییەكانی داهاتووی ئاسیا و جیهان.

بۆ ئەمەش یەكەتیی بادمینتۆنی عێراق دوای تەواوبوونی پاڵەوانیەتییەكە، بەفەرمی 8 یاریزانی بۆ هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشت كرد كە لە نێویاندا 5 یاریزانی كورد هەبوون كە ئەوانیش پێكهاتوون لە رەمامە شەمایل و سانا جەمال و هانا سائیر و دەلال یوسف لە یانەی ئەكاد و شەنگە عەدنان لە یانی سۆلافی نوێ، لەگەڵ 3 یاریزانی تری ناوەڕاستی عێراق كە ئەوانیش پێكهاتبوون لە حەولا و زەینەب سەبری لە یانەی سەلام و ئیناس خالید لە یانەی ئاسووری.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م