ناوی ئەو یاریزانانەی هێڵی سوورن بۆ یانەی ریال مەدرید

:: PM:12:56:19/03/2017 ‌

زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ناوی 12 یاریزانی داوەتە سەرۆكایەتی یانەكە و بە هێڵی سوور ناوزەندی كردوون كە بەهیچ شێوەیەك بۆ وەرزی داهاتوو نابێت دەستبەردارییان ببێت.

رۆژنامەی (ئیكۆ دیاریۆ)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: زێدان داوای لە فلۆرنتینۆ پێرێزی  سەرۆكی یانەی ریال مەدرید كردوو بەهیچ شێوەیەك بۆ وەرزی داهاتوو دەستبەرداری 12 یاریزانی تیپەكەی نەبێت، بۆ ئەوانی تریش بە ئارەزووی خۆیان بڕیاری كۆتایی لەسەر بدەن.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەدا كە سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتوو گۆڕانكاری لە پێكهاتەی تیپەكەیدا بكات و چەند یاریزانێكی نوێ بكرێت و چەند یاریزانێكی تیپەكەشی بخاتە بازاڕی فرۆشتنی یاریزانانەوە.

زێدان داوای لە پێرێز كردووە بۆ وەرزی داهاتوو وەك هەیكەلی سەرەكی 12 یاریزان بهێڵێتەوە، ئەو یاریزانانەش برێتین لە: دانی كارڤاخال، سێرجیۆ رامۆس، رافایێل ڤاران، مارسێلۆ، كاسمێرۆ، لۆكا مۆدریچ، تۆنی كڕووس، ناچۆ فرناندێز، ماركۆ ئەسینسیۆ، لۆكاس ڤاسكوێز، گاریس بێل و كریستیانۆ رۆناڵدۆ.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە فرۆشتنی هەریەك لەو یاریزانانە بەهیچ شێوەیەك لەلایەن زێدانەوە جێگەی قبووڵ نییە و بۆ وەرزی داهاتووش بەهەمانشێوە پشتیان پێ دەبەستێ.

واتە ئەو یاریزانەی تر كە برێتین لە دانێلۆ، كوێنتراو، پیپی، كیلۆر ناڤاس و ئیسكۆ، كەریم بەنزیما، جیمس رۆدریگیز و كیكۆ كاسیای گۆڵپارێزی دووەم، سەرۆكایەتیی یانەی ریال مەدرید دەتوانێ بیانفرۆشێ یانیش بەشێوەی خواستن بیاندات بە یانەیەكی تر ئەگەر دەستەوارەیەكی باشیان ئاراستە بكرێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م