له ئێسته‌وه سه‌رجه‌م و كووچه و كۆڵان و ده‌زگه و شوێنه گشتییه‌كانی ئاكرێ، به دروشم و ئاماده‌كارییه‌كانی نه‌ورۆز رازێنراون و ئاكرێ ده‌یه‌وێت به‌رگری له ناسناوی پایته‌ختی نه‌ورۆز بكات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئاهه‌نگێكی هونه‌ری گه‌وره ساز ده‌كات و له دێر و مزگه‌وته‌كانیش ئاگری نه‌ورۆز داده‌گیرسێنێت.
كاوه زوهێر به‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆشنبیری و هونه‌ری ئاكرێ له‌وباره‌یه‌وه رای ده‌گه‌یه‌نێ، هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان بۆ نه‌ورۆز كراون و به "وشه"ی گوت، ئێمه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆشنبیری ئاكرێ به هاوكاری كۆمپانیای MRF، ئه‌مساڵ نه‌ورۆزی ئاكرێ به‌ڕێوه ده‌به‌ین و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كان كراون. له ئێواره‌ی نه‌ورۆز زیاتر له هه‌زار خه‌تیری ئاگر به‌ره‌و هه‌ردوو قه‌ڵای كۆنی ئاكرێ و قه‌ڵای ئاكرێ و ناوچه‌ی تیشێ خرگا به‌پێ به‌ڕێ ده‌كه‌ون. هه‌روه‌ها دوو ئاڵای 60 به 20 مه‌تری له به‌رزترین شوێنی ئاكرێ هه‌ڵده‌درێت و له‌سه‌ر دێر و مزگه‌وتێك به شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی به كاره‌با رازێنراون، له‌سه‌ر خانووه كۆنه‌كانی ئاكرێ ئاگری زه‌رده‌شتییه‌كان داده‌گیرسێنین و دوای كۆتاهاتنی رێوڕه‌سمه‌كان، ئاهه‌نگێكی گه‌وره به به‌شداری هونه‌رمه‌ندان مه‌له‌ك رۆژهات، زوبێر سورچی، ئه‌حمه‌د زێباری، عه‌بدوڵا هه‌ركی، ئه‌حمه‌د زێباری، سه‌فه‌ر نه‌قه‌بی و رێناس ئاكره‌یی، به چه‌ندان گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕكێ نه‌ورۆزه‌كه ده‌ڕازێننه‌وه، نه‌ورۆزه‌كه‌ش له‌لایه‌ن ئاژانس و كه‌ناڵه نێوخۆیی و بیانییه‌كان رووماڵ ده‌كرێت.
ئه‌وه‌شی گوت، نه‌ورۆزی ئاكرێ بووه‌ته پڕوژه و بۆ لایه‌نی پێوه‌ندیدار نێردراوه تا خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت و له ئاست باشووری كوردستان ببێته پایته‌ختی نه‌ورۆز، به‌ڵام ئێمه له‌سه‌ر دروشم و پۆسته‌ره‌كان به پایته‌ختی نه‌ورۆز ناسێنراوه.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌له‌ند ئاكره‌یی كه نووسه‌رێكی ئاكرێیه به "وشه"ی گوت، بۆ یه‌كه‌م جار نه‌ورۆزی ئاكرێ به‌و رێوڕه‌سمانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی حه‌فتاكان، به‌ڵام له ساڵی 1983 به فه‌رمی كراوه‌ته‌وه و له كاتی خۆیدا چه‌ندان جار له‌لایه‌ن رژێمی به‌عس ده‌ستدرێژی و گرتن و رفاندن بۆ سه‌ر نه‌ورۆزڤانه‌كانی ئاكرێ كراون، به‌ڵام ئاكرێییه‌كان به‌رده‌وام بوون.
به‌پێی پێشبینییه‌كانی لیژنه‌ی ئاماده‌كاریی رێوڕه‌سمه‌كانی نه‌ورۆزی ئاكرێ، زیاتر له 20 هه‌زار كه‌س ئاماده ده‌بن و به‌شێكی زۆریان له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و نێوخوی كوردستان دێنه ئاكرێ.
ئاكرێ/ نه‌وزاد هلوری.