دوێنێ گواردیۆلا خۆشترین رۆژی لە ژیانی راهێنەرایەتیدا بەڕێ كرد

:: AM:10:04:20/03/2017 ‌

پیپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی ئاشكرای كرد كە دوێنێ یەكشەم یەكێك لە خۆشترین رۆژەكانی لە ماوەی ژیانی راهێنەرایەتیدا بەڕێ كردووە دوای ئەوەی یانەكەی مانچستەر سیتی لە یاریی لووتكەی خولی ئینگلیزیدا بەرامبەر یانەی لێڤەرپوول یەكسان بوو.

دوێنێ یەكشەم یانەی مانچستەر سیتی لەنێو یاریگەی ئیتیحاد لە گەڕی 29ی خولی نایابی ئینگلیزیدا بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ لەگەڵ یانەی لێڤەرپوول یەكسان بوو.

بەم یەكسانبوونە یانەی مانچستەر سیتی خاڵەكانی بۆ 57 بەرز كردەوە و هەر لە ریزی سێیەمی یانەكانی ئەم وەرزەی خولی نایابی ئینگلیزی مایەوە، یانەی لێڤەرپوولیش خاڵەكانی بوون بە 56 خاڵ و لە ریزی چوارەم جێگیربوون.

دوای یارییەكە گواردیۆل بۆ وارگەی (سكای سپۆڕت)ی ئینگلیزی گوتی: ئەمڕۆ یەكێك لە خۆشترین رۆژەكانی لە ماوەی ژیانی راهێنەرایەتیدا بەڕێ دەكەم و شانازییەكی زۆر بە یاریزانانی یانەی مانچستەر سیتی دەكەم.

زیاتر گوتی: دوای دۆڕانمان بەرامبەر یانەی مۆناكۆی فڕەنسی و دەرچوونمان لە قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەونەكانی ئەوروپا، ماوەی چەند رۆژێك بوو سەرجەم یاریزانەكان دڵتەنگ بوون و تەنانەت هیچ قسەیەكیشیان نەدەكرد.

ئەو راهێنەرەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و بایرن میونشنی ئەڵمانی هەروەها گوتی: یانەی لێڤەرپوول هیچ یارییەكی تری لە پاڵەوانیەتییەكاندا نییە و بۆیە بۆ ماوەی هەفتەیەك بەباشی خۆیان بۆ یارییەكە ئامادە كردبوو، بەڵام یاریزانەكانی ئێمە چەند رۆژێكی كەم بەر لە ئێستا یارییەكی قورسیان لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا ئەنجامدابوو و ماندوویی و شەكەتیان بەتەواوی پێوە دیارە.

ئاماژەی بەوەشدا كە سەرەڕای ئەمەش یاریزانەكانی باشترین ئاستیان پێشكەش كرد و هەلی بردنەوەیان لە یارییەكەدا زیاتر بوو لەبەرامبەر یاریزانانی یانەی لێڤەرپوول، هەربۆیە ئەم یەكسانبوونە بە یەكێك لە باشترین رۆژەكانی راهێنەرایەتیكردن دادەنێ لە ماوەی ژیانی راهێنەرایەتیدا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م