ئاشكرا بوو.. ئەمە دەبێتە راهێنەری ئارسناڵ

:: AM:11:19:20/03/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئەڵمانی ئاشكرای كرد كە سەرۆكایەتیی یانەی ئارسناڵ لە هەوڵەكانی بۆ رازیكردنی تۆماس توخیل راهێنەری ئێستای یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی سەركەوتوو بووە بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا ئەركی راهێنەرایەتیی تیپەكەیان وەربگرێت.

یانەی ئارسناڵ ئێستا لە دۆخێكی خراپدایە و لە خولی نایابی ئینگلیزیدا لە ریزی شەشەمی یانەكان دێت، لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاشدا لە قۆناغی 16 بە ئەنجامێكی گەورە لەسەر دەستی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەركرابوو.

بەهۆیەوە بەشی هەرە زۆری هاندەرانی یانەی ئارسناڵ داوای رۆیشتنی ئارسین ڤینگەری راهێنەری فڕەنسی دەكەن كە لەگەڵ تەواوبوونی ئەم وەرزە گرێبەستەكەشی لەگەڵ یانەكەدا تەواو دەبێت.

رۆژنامەی (بیڵد) بڵاوی كردەوە: سەرۆكایەتیی یانەی ئارسناڵ بەتەواوی لەگەڵ تۆخێل رێككەوتوون و وەرزی داهاتوو ئەو راهێنەرەی یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند راهێنەرایەتیی تیپەكەیان دەكات.

رۆژنامە ئینگلیزییەكان دوێنێ یەكشەم ئاشكرایان كردبوو كە سەرۆكایەتیی یانەی ئارسناڵ داوای نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی ڤینگەریان بۆ ماوەی 2 وەرزی تر كردبوو، لای خۆیشییەوە ئەو راهێنەرە رایگەیاندبوو كە لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری یەكجارەكی دەدات كە ئایا لە یانەكە دەمێنێتەوە یان دەڕوات كە لە ساڵی 1996وە راهێنەری یانەكەیە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م